زۆرترین خوێنراو
وتاره‌کانی تری نوسه‌ر
16/03/2015
چەکوشەکەی باوکی موحسین.!
کامەران سوبحان

هەر کە باسی هەڵەبجەو کیمیاباران دەکرێت، ڕاستەوخۆ ڕووخساری ئەسمەریانە و دەنگە گڕەکەی ئەو هاوڕێیەمم بیردەکەوێتەوە کە ڕۆژی ١٦ی ئازاری ٢٧ ساڵ لەمەوبەر، خۆی و باوک و دایکی و هەمو ئەندامانی خێزانەکەی لەماڵەکەی خۆیاندا بە کیمیاویی شەهیدکران.! ئای خوایە چەند ئەستەمە لە ژیاندا چیرۆکی شەهیدبوونی نزیکترین هاوڕێی منداڵی خۆت بنووسیتەوە.!

سەرەتاکانی ساڵی ١٩٨٣ یەکەم ساڵی من و موحسینی وەستا مستەفای وەستا فەرەجی هەڵەبجەیی بوو لە قوتابخانە. پێش قوتابخانەش هاوڕێی نزیکی یەکتر بووین، بەڵام ڕۆشتنمان بۆ قوتابخانە پەیوەندیی هاوڕێیەتیمانی بەتینتر کرد. پێشتر تەنها لەکۆڵان یاریمان دەکرد، کە ڕۆیشتینە قوتابخانە هاوڕێیەتییەکە دوو ئەوەندە بەهێزتر بوو. پێنج ساڵی سەرەتای قوتابخانە پڕ بوو لە یادەوەریی و قسەی خۆش، پڕ بوو لە شەڕ و راکردن و گاڵتە و گەپ، بەڵام لە ناوەڕاستی قۆناغی پێنجەمی خوێندنماندا، یارییەکەم بێ ئەنجام تەواو بوو، ئەو بە کیمیاوی شەهیدکرا، منیش بە یادەوەرییەکانمانەوە دەیان ساڵە دەمەوێت چەند دێڕێکی ئەو یادەوەرییانە وەک خۆی بنووسمە.!

وەستا مستەفای وەستا فەرەجی باوکی موحسین، پیاوێکی کەڵەگەی دەموچاو پڕبوو، پشتاو پشت وەستای خانوو درووستکردن بوون، ئەمەش هۆکارێک بوو بۆ نازناو و پاشگریی وەستا بەناوەکانیانەوە، ڕۆژانە وەستا مستەفا خۆی و خەکوشەکەی و تاسەکەی بندەستی  دەڕۆیشت بۆ کارکردن، ئەو وەستا و هونەرمەندێکی دەستڕەنگین و بە سەلیقەبوو. تا پێش ئەوەی بەعس ئەو شارە خاپور بکات، چەندین شوێن و خانووی پڕ لە وردەکاری و جوانکاری بەرهەمی دەستی وەستا مستەفا و وەستا فەرەجی  بوو. بەڵام بەعس ئەو دو وەستا کوڕ و باوکەی بە کیمیاوی شەهیدکرد و بەرهەمەکانیشی خاپورکردن.

ساڵێک پێش کیمیابارانی هەڵەبجە، لە چالاکییەکانی قوتابخانەکەماندا بە بۆنەی بەهار و نەورۆزەوە شانۆگەریی کاوەی ئاسنگەر پێشکەشکرا، موحسین لە قۆناغی چوارەمی سەرەتایی بوو، لە شانۆگەرییەدا چەکوشەکەی باوکی بەدەستەوەبوو، ڕۆڵی کاوەی ئاسنگەری دەگێڕا و دەیوست سەری زووخاك پان بکاتەوە، بەخەون و ئەندیشەی منداڵانەی خۆی ئەو کارەی کرد، بەڵام بەهاری دوای ئەو ساڵەی شانۆگەرییەکەی تێدا نمایشکرا، بەعسییەکان موحسین و خێزانەکەی و دراوسێ و هەزاران هاوشاریشیان شەهیدکرد. بەڵام نەیانتوانی چەکوشەکەی باوکی بشکێنن.!

ئێستا دوای ٢٧ ساڵ،  مامی موحسین، چەکوشەکەی وەستا مستەفا و هەندی کەرەستەی تایبەتی پاراستووە و دەیەوێت وەک سیمبوڵی شەهیدبوونی بەشێک لە بنەماڵەکەیان بیپارێزن، داوای لەمنکرد لەگەڵ بەرپرسانی ئاسەوارو کەسانی پسپۆڕ قسە بکەم بۆئەوەی هاوکارمان بن بۆ پاراستنی چەکوشەکە و کەرەستەکانی تری وەستا مستەفا.

ئێستا دوای ٢٧ ساڵ لە شەهیدبوون، بنەماڵەکەیان مۆزەخانەیەک بۆ چەکوشەکە و کەرەستەکانی وەستا مستەفا و خیزانەکەی درووستدەکەن.

ئێستا لای من، چەکوشەکەو کەرەستەکانی تری ئەو خێزانە پیرۆزییەکی گەورەیان هەیە، وەک کەرەستە گرنگەکانی ولیەم شکسپیر لە ستراتفۆرد، وەک جلوبەرگەکانی بڕتۆڵد برێخت لە بەرلین، وەک شەبقەکەی چیخۆف لە سان بتڕوس بۆرگ، وەک قەڵەم و وەرەقەکانی هاڕۆڵد پنتەر لە لەندەن، وەک کەرەستەکانی سترنبێری لە ستۆکهۆڵم.! ئێستا من دوای ٢٧ ساڵ پێم خۆشە لە نزیکەوە چەکوشەکەی وەستا مستەفا و کەرەستەکانیا(موحسین) بیبینم و ماچیان بکەم، چونکە بۆنی موحسین و یادەوەرییەکانی مناڵی و قوتابخانە و ڕوخساری وەستا مستەفای لێدێت.!

ئه‌م بابه‌ته 349 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

هەواڵ

وەرزش

خزمەتگوزاری

سەبارەت

رێکلام

Copyright 2015. Xendan for Publishing and Broadcasting. All Rights Reserved.