|
|
|
28/07/2010
|
ئه‌گه‌ر عیراق بخرێته ژێر مۆدێلێكی پێشكه‌وتووی ئینتیدابه‌وه هه‌رێم چۆن پێگه‌ی خۆی ده‌پارێزێت؟ |
|
|
مه‌شخه‌ڵ كه‌وڵۆسی |
له‌م ماوه‌یه‌دا گفتوگۆ و دانوستانه‌كانی تایبه‌ت به‌پێكهێنانی حكومه‌ت، پێی ناوه‌ته قۆناغه هه‌ره هه‌ستیاره‌كانیه‌وه. له‌م میانه‌یه‌دا چه‌ندین بیرۆكه پێشكه‌ش ده‌كرێن كه لایه‌نی كوردی به‌سه‌ریاندا تێده‌په‌ڕێت و كارلێكیان له‌گه‌ڵدا ناكات، دروست وه‌ك ئه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌كه هیچ په‌یوه‌ندی به‌پێگه و ڕۆڵی هه‌رێمه‌وه نه‌بێت. بۆ ڕوونبوونه‌وه‌ی مه‌به‌ست ته‌نها ئاماژه به‌دوو بیرۆكه ده‌ده‌م و له‌سه‌ر دووه‌میان هه‌ڵوێسته ده‌كه‌م:
1) یه‌كێك له بیرۆكه‌كان كه ڕاسته‌وخۆ پێگه‌ی كورد له به‌غدا و مه‌حفه‌له نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا ده‌له‌رزێنی، بریتیه له بیرۆكه‌ی وه‌رگرتنه‌وه‌ی پۆستی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه له كورد و سپاردنی به كه‌سێكی عه‌ره‌بی (هه‌ندێ له ناوه‌نده هه‌واڵده‌ریه‌كان به پشتبه‌ستن به‌سه‌رچاوه‌گه‌لی ئاگاداری ناو هۆڵه داخراوه‌كان پێیانوایه ڕافع عیساوی ئه‌و پۆسته وه‌ربگرێت). ئه‌گه‌رچی ئاڵوگۆڕی پۆسته‌كان ڕۆتینی ترین لێكه‌وته‌ی هه‌ر پرۆسه‌یه‌كی هه‌ڵبژاردنه، به‌ڵام گۆڕینی به‌ڕێز (وشیار زێباری) به‌كه‌سایه‌تیه‌كی عه‌ره‌بی، جگه له دوورخستنه‌وه‌ی كورد هیچ مه‌رامێكی دیكه‌ی له‌پشته‌وه نییه، چونكه لایه‌نی پێشكه‌شكاری بیرۆكه‌كه ده‌ڵێت: نابێ له عیراقدا كه وڵاتێكی عه‌ره‌بیه(!!) له‌هه‌مانكاتدا پۆستی سه‌رۆك كۆمار و وه‌زیری ده‌ره‌وه بدرێن به‌كورد، چونكه ئه‌و دوو پۆسته نوێنه‌رایه‌تی عیراق ده‌كه‌ن له‌ناوه‌نده جیهانیه‌كاندا.
گرفته‌كه لێره‌دایه كه له‌سه‌ر بنه‌مای نه‌ژاد، كورد له پۆستێكی سیادی دووربخرێته‌وه، هه‌روه‌ها ڕووكارێكی تری كێشه‌كه یاخیبوونه له‌و ده‌ستووره‌ی كه پێداگریی له‌وه ده‌كات عیراق وڵاتێكی فره نه‌ژاده و ته‌نها گه‌لی عه‌ره‌ب به‌شێكن له‌نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب!! كه‌چی لایه‌نێكی عه‌ره‌بی گوێ به‌م تێكسته ده‌ستوورییه نادات و به‌جیڕه‌ی قه‌ڵه‌مێك عیراق ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ چوارگۆشه‌ی یه‌كه‌م. چوارگۆشه‌ی ده‌وڵه‌تی تاك شوناس كه به ئه‌زموونی هه‌شتاساڵ ده‌ركه‌وت جگه له شكست بۆ پرۆسه‌ی ده‌وڵه‌تداری و نه‌هامه‌تی بۆ گه‌ل، هیچ سه‌ركه‌وتنێكی تۆمار نه‌كردووه.
به‌داخه‌وه ئه‌و پێشنیاره خه‌ریكه به‌سه‌رماندا تێده‌په‌ڕێ، له‌كاتێكدا پێشنیارێكی له‌و شێوه‌یه هه‌موولایه‌ك ڕووبه‌ڕووی چه‌ند پرسیارێك ده‌كاته‌وه، له‌وانه: ئایا كورد له‌نێو ده‌وڵه‌تێكی وادا ده‌ژی كه تیایدا له‌سه‌ر بنه‌مای نه‌ژاد دووربخرێته‌وه له پۆستێكی سیادی؟ ئه‌ی ده‌ستوور چی لێهات كه دان به‌فره شوناسیدا ده‌نێت؟ ئه‌گه‌ر كورد كۆی ده‌ستكه‌وته‌كانی خه‌باتی نیوسه‌ده‌ی خۆی له‌نێو ئه‌و بڕگه ده‌ستوورییه و چه‌ند بڕگه‌یه‌كی تردا كۆكردبێته‌وه، ئێستا چۆن قایل ده‌بێ به‌وه‌ی به‌نوكه قه‌ڵه‌مێ ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه سفر بكرێنه‌وه؟ ئایا پێداگریی له‌سه‌ر دوورخستنه‌وه‌ی كورد له‌سه‌ر بنه‌مای نه‌ژاد له هه‌رمافێكی هاوڵاتییبوون له‌م وڵاته‌دا، سه‌رله‌نوێ به‌ره‌و دووباره‌بوونه‌وه‌ی خه‌بات پاڵمان پێوه‌نانێت؟...هتد.
2) ئێمه له‌سه‌روبه‌ندی ئه‌گه‌ری هاتنه‌پێشه‌وه‌ی ئاڵوگۆڕێكداین، كه له باری ڕوودانیدا ته‌واوی هاوكێشه‌كانی هێز و قه‌واره و ئاستی به‌شداری و كارلێكی لایه‌نه‌كان له پانتایی نه‌خشه‌ی سیاسی وڵات‌دا، فۆرمات ده‌كاته‌وه و به‌گوێره‌ی ڕێوشوێنی خۆی كایه‌كان داده‌ڕێژێته‌وه.
ئه‌گه‌ری ده‌ستوه‌ردانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له كایه‌كانی پێكهێنانی حكومه‌تی داهاتوودا. ئه‌گه‌رێكی هه‌روا ساده و ساكار نییه، كه ناوه‌ندی سیاسی له كوردستاندا هیچ بایه‌خێكی پێ نادات، به‌و به‌ڵگه‌یه‌ی تا هه‌نوكه ته‌نانه‌ت یه‌ك مێزگردی ته‌له‌فزیۆنیشی له‌سه‌ر نه‌به‌ستراوه، بۆئه‌وه‌ی شه‌قامی كوردی له ماناكانی ده‌ستوه‌ردانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له پرسی پێكهێنانی حكومه‌ت تێبگات.
ده‌ستوه‌ردانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، یانی چی؟ چ كاریگه‌رییه‌ك دروست ده‌كات؟ بۆچی عادل عه‌بدولمه‌هدی جێگری سه‌رۆك كۆمار، پێیوایه ده‌ستوه‌ردانێكی له‌و جۆره، سه‌روه‌ری عیراق ده‌خاته مه‌ترسیه‌وه(1)؟... ده‌كرێ به‌چه‌ند سه‌رنج و تێبینیه‌ك وه‌ڵامی ئاوا پرسیارگه‌لێك بده‌ینه‌وه، به‌م ته‌رزه‌ی لای خواره‌وه:
1) بچووكترین ده‌ستوه‌ردانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، به‌مانای ته‌دویلی كێشه‌كانی عیراق دێ له بازنه‌یه‌كی فراواندا.
2) مه‌ترسی ده‌ستوه‌ردانه‌كه له‌وه‌دایه كه عیراق هێشتا له‌ژێر سایه‌ی به‌ندی (7)ی بڕوانامه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان نه‌چووه‌ته ده‌ره‌وه، به‌و پێیه‌ش له‌ڕووی سه‌روه‌ریه‌وه ده‌وڵه‌تی عیراق كه‌سایه‌تیه‌كی ناته‌واوی هه‌یه. به‌و پێیه‌ش ده‌بێ نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان سه‌رپه‌رشتی كاروباره‌كانی عیراق بكات و له‌و پێناوه‌شدا ده‌سه‌ڵاتی به‌كارهاوردنی هێزی سه‌ربازیشی هه‌یه!!.
3) ئه‌نجومه‌نی ئاسایش له‌سه‌ره‌تای مانگی داهاتوودا سه‌باره‌ت به‌ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ كۆبوونه‌وه ده‌كات و چاوه‌ڕوانی ده‌كرێ بڕیاری چاره‌نووسساز بدات، ئه‌گه‌ر تا ئه‌و به‌رواره‌ی كۆبوونه‌وه‌كه حكومه‌ت به‌كۆشش و ئه‌قڵی عیراقی پێك نه‌هێنرا، مانای وایه مرۆڤی عیراقی و نه‌ریتی سیاسی ئه‌م وڵاته ناكامڵن و پێویستیان به‌سه‌رپه‌رشتی ده‌ره‌كی هه‌یه.
هه‌ر سه‌رپه‌رشتیه‌كیش مه‌رج نییه داخوازییه ناوخۆییه‌كان دابین بكات، به‌ڵكو دوورنییه له قاڵبدانی قه‌باره و ڕۆڵی قه‌واره ناوخۆییه‌كانی لێ بكه‌وێته‌وه، واته به‌جۆرێك له جۆره‌كان تۆبزی و ڕه‌نجاندنی تێدابێت. ئه‌مه‌ش له ساده‌ترین مانایدا والێك ده‌درێته‌وه كه ویستی ده‌ره‌كی زاڵه به سه‌ر ویستی ناوخۆییدا، ڕه‌نگه زیاده‌ڕه‌ویش نه‌كه‌ین ئه‌گه‌ر ئه‌و حاڵه‌ته به‌نوسخه‌یه‌كی هه‌مواركراوی (ئینتیداب) له قه‌ڵه‌م بده‌ین.
به‌كورتی: ئه‌گه‌ر زوو عیراقیه‌كان نه‌گه‌نه ڕێكه‌وتن و حكومه‌ت پێك نه‌هێنن، ئه‌گه‌ری ده‌ستوه‌ردانی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش له ڕه‌وشه‌كه، ئه‌گه‌رێكی ڕاسته‌قینه‌یه. له‌و حاڵه‌ته‌شدا پێكهێنانی حكومه‌ت په‌یوه‌ست ده‌بێ به (ته‌وافوق)ی نێوده‌وڵه‌تیه‌وه (له‌م ڕووه‌وه نموونه‌ی لوبنان پێشینه‌یه‌كه بۆ توێژینه‌وه و سه‌رنجدان) نه‌ك په‌یوه‌ست بێ به به‌رژه‌وه‌ندی ناوخۆوه.
بۆ كورد مه‌ترسیه‌كه له‌وه‌دایه پێكهێنانی حكومه‌ت ببێته به‌ره‌نجامی ڕێكه‌وتنی نێوده‌وڵه‌تی، چونكه له بارێكی وادا ئه‌وه‌نده‌ی عه‌ره‌به‌كان پشتیوانی‌یان لێده‌كرێ. كورد نیوه‌ی ئه‌وه‌یش پشتیوانی لێناكرێ. به‌و پێیه‌ش دوورنییه لانی كه‌می به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی كورد ڕه‌چاونه‌كرێ له‌كاتێكدا ده‌نگێك نه‌بێ به‌رگری لێ بكات.
ئایا له سه‌روبه‌ندی سه‌رهه‌ڵدانی مه‌ترسییه‌كی ئاوادا، مافی خۆمان نییه ڕووی پرسیار بكه‌ینه بژارده‌ی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی كورد و بڵێین: ئایا خۆتان بۆ ئه‌گه‌رێكی له‌و جۆره ئاماده كردووه؟ به‌گوێره‌ی كام پلان و میكانیزمی كرده‌یی به‌رگری له پێگه‌ی هه‌رێم ده‌كه‌ن، له‌كاتێكدا عیراق بخرێته ژێر مۆدێلێكی تازه‌ی ئینتیدابه‌وه؟ مۆدێلێك كه به‌ندی حه‌وتی بڕوانامه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان پاڵپشتی لێده‌كات و كارسازی بۆ ده‌كات؟
Mashxal.kurd@gmail.com
ژێده‌ر
1) سایتی خه‌ندان و چاو‌دێر، 25/7/2010
|
|
|
|