فۆتۆ: سۆران كریم
خه‌ندان- سۆران كه‌ریم
گه‌رمیان خاوه‌ن چه‌ندین شوێنه‌ورای گرنگی مێژووییه كه، مێژووی هه‌ندێكیان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ حه‌وت هه‌زار ساڵ پێش زایین، هه‌رچه‌نده ده‌كرێت ئه‌و شوێنه‌وارانه له رووی گشهتییارییهوه سوودیان لێوه‌ربگیرێت، به‌ڵام تائێستا نه‌ك سوودیان لێوه‌رنه‌گیراوه، به‌ڵكو هه‌ندێكیان به ته‌واوه‌تی پهراوێزخراونو وه‌ك دانیشتووانی شاری كفری تهئكیددهكهنهوه، چه‌ندینجار داوا له لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار كراوه قه‌یسه‌رییه‌ی كفری كه شوێنه‌وارێكی دێرینی ناوچه‌كه‌یه نۆژه‌ن بكرێته‌وه، به‌ڵام تائێستا داواكه‌یان جێبه‌جێنه‌كراوه.
له‌م راپۆرته‌دا باس له شوێنه‌واره گرنگه‌كانی گه‌رمیان دهكرێتو به‌پێی به‌ڵگه‌نامه‌كان‌و رای شاره‌زایانی بواره‌كه مێژووه‌كانیان دیاریده‌كرێت.
قهلاَی شێروانه
قهلاَی شێروانه ده‌كه‌وێته باشووری شاری كه‌لار كه له ئێستادا ناوه‌ندی ئیداره‌ی گه‌رمیانه‌و ( 126 كم ) له شاری سلێمانیه‌وه دووره .
به پێی زۆرێك له سه‌رچاوه وبۆچوونهكان قهلاَكه له سه‌رده‌می ( محه‌ممه‌د پاشای كه‌یخه‌سره‌و به‌گی جاف ) له ساڵی (1866 – 1874 )ی زاینی دروستكراوه، قه‌ڵاكه له ژێر زهمینێكو دوو نهۆمو ژوورێكی ههشتلا، پێكهاتووه.
ئه‌و پاشایه (محه‌ممه‌د پاشا) قهلاَكهی بۆ جێی حه‌وانه‌وه‌ی خۆی وه‌ك بنكه‌یه‌كی ئیداری بۆ به‌رێوه‌بردنی عه‌شیره‌ته‌كه‌ی به‌كارهێناوه .
قهلاَكه له سه‌ر دوو گرد دروستكراوه، گردی یه‌كه‌م گردێكی شوێنه‌واری كۆنه‌و به‌پێی ئه‌و كنه وپشكنینهی تێدا كراوه چه‌ند شارستانیه‌تێكی تێدا ده‌ركه‌وتووه، له‌وانه: چاخی ئیسلامی ( عه‌باسی وئهمهوی ) هه‌روه‌ها شارستانیه‌تی ساسانی و كاشیی، له هه‌مانكاتدا كۆمه‌ڵێك كه‌ره‌سته‌ی وه‌ك ( به‌ردی بوركانی و دانه‌وێله ) به خهڵووزبوویی تێدا ده‌ركه‌وتووه كه، مێژووه‌كانیان ده‌گه‌رێته‌وه بۆ چاخی به‌ردینی ناوه‌راست، گردی دووه‌م راسته‌وخۆ قهلاَكهی له سه‌ر بنیاد نراوه پێده‌چێت ئه‌م گرده هاوسه‌رده‌می قهلاَكه بێت وتورهكهڕێژ كرابێت .
قه‌ڵای شێروانه به هۆی بڵندی شوێنه‌كه‌ی و تیرازهپڕ له هونه‌ره‌كه‌ی، دیمه‌نێكی دڵرفێنی هه‌یه, به شێوه‌یه‌كی گشتی قه‌ڵاكه (12.3م) به‌رزه و به‌چوار بورجی حه‌وت پاڵووی گۆشه‌كانی بیناكه‌ی ته‌واو كردووه .
ناوه‌وه‌ی قه‌ڵا كۆمه‌ڵێك ژوور و دێوخان ورێرهو ئاگردانی تێدایه كه به شێوه‌یه‌كی ته‌واو ئه‌ندازه‌ی ڕێكخراوه و هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵێك نه‌خش ونیگاری جوان ( زخرفه)هی تیدایه كه به‌شێوه‌ی (البارز) له سه‌ر ماده‌ی گه‌چ نه‌خشێنراوه، زهخرهفهكانیش بریتین له شێوه‌ی ڕووهكی و ئه‌ندازه‌یی و ئاژه‌ڵی و هه‌روه‌ها (مقرنصات)یش له یه‌كێك له ژووره‌كانی نهۆمی دووه‌م ده‌بینرێت.
پردی ئه‌ڵوه‌ن
پردی ئه‌ڵوه‌ن ده‌كه‌وێته ناو جه‌رگه‌ی شاری خانه‌قین، كه له‌سه‌ر داوای محه‌ممه‌د عه‌لی میرزا فه‌رمانڕه‌وای كرمانشان و كوڕی پادشای ئێران دروستكراوه, مێژووه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ده‌ی نۆزدههم .
ئه‌م پرده له ئێستادا شاری خانه‌قینی پێ ئه‌ناسرێته‌وه وههردووبهشی شاره‌كه‌شی پێكه‌وه به‌ستووه‌ته‌وه كه به هۆی ڕووباری ئه‌ڵوه‌ن دابه‌ش بووه, له‌ڕووی بیناسازیه‌وه ئه‌م پرده ناوازه و قه‌شه‌نگ دروستكراوه و دیمه‌نێكی دڵرفێنی هه‌یه.
نه‌خشی ( ده‌ربه‌ندی بێلوله)
ده‌كه‌وێته باكووری رۆژههلاَتی گوندی ده‌ربه‌ندی بێلوله، ئه‌م گونده له سنووری ناحیه‌ی مه‌یدانی سه‌ر به قه‌زای خانه‌قینه، له سه‌ر چیایه‌ك هه‌ڵكۆڵراوه كه زیاتر له ( 150 ) مه‌تر له بنكه‌ی چیاكه‌وه دووره، به‌رزی ئه‌م نه‌خشه‌یه ( 90 ) سه‌نتیمه‌تره، به پێی نووسینه مسماریهكانی سه‌ر ئه‌م وێنه هه‌ڵكۆڵراوه كه به چه‌ند شێوه‌یه‌ك ناوی پادشای ( تارونی ) خوێندراوه‌ته‌وه وه بۆچوونی وا هه‌یه كه وێنه‌كانی نه‌خشه‌كه كۆنترن له نووسینه‌كه.
سه‌باره‌ت به مێژووی نه‌خشه‌كه وه‌ك شاره‌زایانی بواری شوێنه‌وارناسی گه‌رمیان ئاماژه‌ی پێده‌كه‌ن، بۆچوونی جیاواز هه‌یه، شاره‌زایه‌كی شوێنه‌وارناسی بیانی سه‌رده‌می نه‌خشه‌كه ده‌گه‌رێنێته‌وه بۆ ماوه‌ی فه‌رمانره‌وایی ئه‌كه‌دی بنه‌ماڵه‌ی نوری سێیه‌م واته (2350 – 2230 ) بۆ ( 2112 – 2006 ) پێش زاین، كه فه‌رمانڕه‌واییان له‌م ناوچانه كردووه، واته ئه‌و ناوچه‌یه‌ی كه نه‌خشه‌كه‌ی تێدا ههڵكوَڵراوه و ماوه‌یه‌ك ئه‌م ناوچانه وڵاتی لولوییهكان بووه .
له لایه‌كی تره‌وه به بۆچونی شوێنه‌وارناس ( دڵشاد عه‌زیز زامۆ) ئه‌م نه‌خشه‌یه سه‌رده‌مه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ده‌ی بیسته‌م یان نۆزده‌هه‌م (پێش زاین) ئه‌مه‌ش به پشتبه‌ستن به كۆمه‌ڵێك به‌ڵگه‌ی هونه‌ری .
شوێنه‌واری بهردهبهلهك
ده‌كه‌وێته باكووری خۆرههلاَتی چه‌مچه‌ماڵ به دووری سێ كیلۆ مه‌تر، خودی به‌رده‌كه ده‌كه‌وێته سه‌ر ته‌پۆڵكه‌یه‌ك له نزیك چه‌می ( شیوه سووره ) ئه‌م به‌رده شێوه‌یه‌كی لووله‌یی نارێكی هه‌یه نزیكه‌ی چوار مه‌تر به‌رزه .
له ئه‌نجامی ئه‌و كنه و پشكنینه‌ی كه له ساڵانی په‌نجاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوو ئه‌نجامدراوه، له سنووری شوێنه‌واری به‌رده به‌له‌ك كۆمه‌ڵێك پاشماوه به‌ردین وه‌ك: پاچه كۆڵه‌ی ده‌ستی و ئامێری چهوییهكان و ئامێره ئهستیهكان وهه‌روه‌ها پاشماوه‌ی ئێسك وددانی ئاژه‌ڵی وه‌ك فیلی هندستانی و كه‌ركه‌ده‌ن وگا و ئه‌سپ تێدا ده‌ركه‌وتوون، به پێی بۆچوونی هه‌ندێك له شوێنه‌وارناسان بهردهبهلهك كوَنترین شوێنه‌واره له كوردستاندا , مێژووی ئه‌م شوێنه‌واره به پێی پاشماوه و قۆناغه‌كانی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ چاخی (موستێری) به‌ردینی كۆنی ناوڕاست، یان هه‌ندێكێان بۆ چاخی به‌ردینی خواروو.
شوێنه‌واری پهیكوڵی
ده‌كه‌ویته گوندی به‌ركه‌ل له لاپالی روژئاوای چیاكانی قه‌ره‌داغ و سه‌ربه ناحیه‌ی پیبازی قه‌زای كه‌لاره به دووری (38) كیلۆمه‌تر.
مێژووی ئه‌م شوینه‌واره ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌می پادشا نرسی (293-303)ی زاینی، شۆینهواركه له كۆندا پێكهاتووه له چوارگۆشه‌یه‌ك كه به به‌ردی داتاشراوی ڕێك هه‌ڵبه‌سترابوو، په‌یكه‌ری پادشا نرسی به شێوه‌ی ههڵكۆڵێن دیار (البارز) له هه‌ر چوار ئاراسته‌ی شوێنه‌واره‌كه‌دا هه‌بوو، له گه‌ڵ چه‌ند دێرێك له نووسینی به‌هله‌وی، به‌ڵام ئێستا ته‌نها به‌شی ناوه‌وه‌ی ئه‌م شوێنه‌واره ماوه له گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك له به‌ردی داتاشراوی ساده به ده‌وروبه‌ریدا .
بۆ یه‌كه‌م جار ئه‌م شوێنه‌واره له لایه‌ن لێكوَلهر (وڵنسن) له ساڵی (1844)ی زاینی دۆزراوه‌ته‌وه، وه ڕۆژهه‌ڵاتناس (هیرتسفیڵد) له ساڵه‌كانی (1911 , 1913 , 1923)ی زاینی سه‌ردانی كردووه‌و له ساڵی (1954) نووسینه‌كانی كۆپی كردووه، سه‌باره‌ت به‌م شوێنه‌واره ڕای جیاواز هه‌یه، هه‌ندێك پێیوایه په‌رستگای ئاگرین بووه و هه‌ندێكی تر پێیانوابووه كه گۆڕی یه‌كێك له پادشاكانی ساسانی بووه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی زیاتر ڕوونه بۆچوونه‌كه‌ی لێكوَڵهر (هینینگ Henning) كه شوێنه‌وار ناس وه‌ك (ته‌ها باقر و فوئاد سه‌فه‌ر) پشتڕاستی ده‌كه‌نه‌وه كه، ده‌ڵێت: شوێنهوارهكه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌می پادشای ساسانی نرسی كوڕی سابووری یه‌كه‌م.
جۆگه‌ی گاوری
ئه‌م جۆگه‌یه له باكوری خۆرههلاَتی كه‌لار له كه‌ناری رووباری سیروانه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات، به چه‌ند قۆناغێك ناوه‌ندی شار ده‌برێت و به ئاراسته‌ی باشوور درێژ ده‌بێته‌وه .
مێژووی ئه‌م جۆگه‌یه ده‌گه‌رێته‌وه بۆ سه‌رده‌می ساسانیه‌كان، بهلاَم نازانرێت له سه‌رده‌می كام پادشا دروستكراوه، ئه‌گه‌ر چی هه‌ندێ بۆچوون هه‌یه ده‌ڵێت له ناوه‌ندی حوكمرانی كیسرا یه‌كه‌م دروستكراوه، یان له‌وانه‌یه ( خه‌سره‌وی په‌روێز ) ( 590 – 628 )ی زاینی، به‌وته‌ی شاره‌زایانی بواره‌كه به شێوه‌یه‌كی ته‌واو مێژووه‌كه‌ی ده‌گه‌رێته‌وه بۆ ساڵانی ( 550 – 628 )ی زاینی .
جوگه‌ی گاوری به‌پێی تۆبۆگرافیا زه‌وی ناوچه‌كه دروستكراوه، به‌و شێوه‌یه‌ی له و زه‌وییانه‌ی كه به‌رز بوون به هه‌ڵكه‌ندنی زه‌ویكه ڕۆیشتووه، به‌ڵام له‌و زه‌ویانه‌ی نزم بووه به شێوه‌ی تۆنێلی سهركهوانهیهكه له به‌ردی داتاشراوی ڕێك دیواره‌كانی له بنكه‌وه بۆ سه‌قف ته‌واو كراون و به‌شی سه‌ره‌وه‌یان به‌نیوه بازنه‌یه‌كی نووك تیژ كۆتایی هاتووه، شایانی باسه له كاتی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی جۆگه‌كه تابلۆیه‌ك له هیما و نووسینی په‌هله‌وی تیایدا ده‌ركه‌وت.
ئارامگاكانی باوه‌شاسوار
ئه‌م گۆڕستانه ده‌كه‌وێته لاپاڵی باوه شاسوار, ئه‌مانه كۆمه‌ڵێك ئارامگان كه مێژووی هه‌ندێكیان ده‌گاته (150) ساڵ.
ئارامگاكان چه‌ند شێوه‌یه‌ك له خۆ ده‌گرێت، ئارامگای تاك ژووری، سێ ژووری، یان زیاتریش كه ئه‌م ئارامگانه خێزانین. له ڕووی هونه‌رییه‌وه گرنگی تایبه‌تی خۆی هه‌یه، چونكه سه‌لیقه‌یه‌كی بیناسازی جوانیان تیدا به كارهێنراوه، چ وه‌ك ڕووه ستونیهكهی كه به سێ قۆناغ هه‌ڵبه‌ستراوه وه‌ك ستوون و عه‌قد و هه‌روه‌ها پشتێن، له كۆتایشیاندا به گومه‌زێك كۆتایی دێت كه ئه‌م پله به‌ندییه پیدهجیت دریژكراوه‌ی ئه‌و هونه‌ر بێت كه له په‌رستگا ئاگرینه‌كانی سه‌رده‌می ساسانی به‌كار هێنراوه, ئارامگاكانی له ڕووی ناوه‌وه به چه‌ندین یه‌كه‌ی بیناسازی رازێنراوه‌ته‌وه وه‌ك (مقرنصات) و عه‌قد و تاقی داخراو ...هتد.
هه‌موو گۆرهكانیش تابلۆ(كیل)ی تایبه‌تی به خۆیان هه‌یه و له چه‌ندین جۆر به‌رد دروستكراون كه نوسینی عه‌ره‌بی به خه‌تی جۆراو جۆر و هه‌ندێكیان هێما وه‌ك گوڵ و مانگ و ئه‌ستێره‌یان له‌سه‌ره.
قه‌یسه‌ری كفری
یه‌كێكه له قه‌یسه‌رییه گه‌وره‌و گرنگه‌كانی باشووری كوردستان، مێژووه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م.
ژماره‌یه‌كی زۆر دوكانی هه‌بووه، جگه له چه‌ندین خان، له‌وانه : خانی خه‌ڵووز، خانی مه‌لا عه‌باس ناسراو به خانی گه‌نم و خانی محسن ئاغا.
قه‌یسه‌رییه‌كه كۆمه‌ڵێك یه‌كه‌ی بیناسازی ناوازه و جوانی بۆ كراوه وه‌ك گومه‌زی و تاقی كه‌وانه‌یی جۆراوجۆر و ده‌روازه‌ی فراوان و تونێلی، هه‌روه‌ها سیستمی خان و بینای دوو نهۆمی سه‌رنجڕاكێش و زۆرێكی تر.
قه‌یسه‌ری كفری مه‌ڵبه‌ندی شاری ته‌واو پێشكه‌وتوو و بنكه‌یه‌كی بازرگانی گرنگی ناوچه‌كه بووه كه له چه‌ند ئاراسته‌یه‌كه‌وه قافڵه‌ی بازرگانی رووی تێكردووه.
ئه‌شكه‌وته دروستكراوه‌كانی باوه‌شاسوار
كۆمه‌ڵه ئه‌شكه‌وتێكی بچووكی ده‌ستكردی مرۆڤن، ده‌كه‌ونه باكوور و باكووری خۆرهه‌ڵاتی شاری كفری كه له‌لایه‌ن گرده به‌ردینه‌كانی باوه‌شاسوار هه‌ڵكه‌ندراوه، هه‌ر یه‌ك له‌م ئه‌شكه‌وتانه چه‌ند گۆڕێكی تێدا هه‌ڵكه‌ندراوه به بێ گوێدان به ئاراسته‌ی گۆڕه‌كان، هه‌ندێك له‌م ئه‌شكه‌وتانه له شێوه‌ی ژوورێكی لاكێشه‌یی دروستكراون به شێوه‌یه‌كی هونه‌ری جوان رازاونه‌ته‌وه له رووی دابه‌شكردنی گۆڕه‌كان و ده‌رگا و تاقه نیوه بازنه‌ییه‌كانی.
مێژووی ئه‌م ئه‌شكه‌وتانه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ده‌كانی دوای زایین.
گوندی چه‌رمۆ
ئه‌م شوێنه‌واره ده‌كه‌وێته رۆژهه‌ڵاتی شاری چه‌مچه‌ماڵ، یه‌كێكه له كۆنترین گونده كشتوكاڵییه‌كانی جیهان، به پێی ئه‌و پاشماوانه‌ی تیایدا ده‌ركه‌وتووه مێژووه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ حه‌وت هه‌زار ساڵ پێش زیان، واتا له‌سه‌رده‌می چاخی به‌ردینی نوێ.
تیمێكی پشكنینی زانكۆی شیكاگۆی ئه‌مریكی ساڵی (1948 تا 1955) به سه‌رۆكایه‌تی (رۆبه‌ر د. ج. بهیدوود) كاری كنه‌و پشكنینی تێدا كردووه، ئه‌و پاشماوانه‌ی ده‌ركه‌وتوون بریتین له، ئامێری به‌ردینی كشتوكاڵی‌و كه‌ره‌سته‌ی به‌ردینی ناو ماڵ‌و پاشماوه‌ی خۆراكی وه‌ك دانه‌وێڵه‌و به‌روبوومه پاقله‌مه‌نییه‌كان وه‌هه‌روه‌ها ئێسك و پرۆسكی ئاژه‌ڵی كێوی.
یه‌ك موغاره
ئه‌شكه‌وتێكی دێرینی درێژی بنكراوهیه ده‌كه‌وێته خۆرهه‌ڵاتی شاری كفری به دووری نزیكه‌ی یه‌ك كیلۆمه‌تر له كۆتایی دۆڵێكی كورت و بنكی یه‌كێك له گرده به‌ردینه‌كانی باوه‌شاسوار هه‌ڵكه‌وتووه.
ئه‌شكه‌وته‌كه نزیكه‌ی (26) مه‌تر درێژه‌و رووی پێشه‌وه‌ی دوو ده‌روازه‌ی هه‌یه، پاش چه‌ند جارێك له تهسكیو فراوانبوونه‌وه و به‌رز و نزمی ده‌گه‌ینه ده‌روازه‌یه‌كی نیوه كهوانهییو كۆتایی ئه‌شكه‌وته‌كه دێت.
ئه‌م ئه‌شكه‌وته جۆگه‌یه‌كی به‌ردینه كه دیمه‌نی تونێلێك پیشان ده‌دات، چونكه كارێزێك به‌دووری (17) مه‌تر له‌سه‌رووی ئهشكهوتهكهوهیه، ئاوی ئه‌و كارێزانه به‌و ئهشكهوتانهدا تێپه‌ڕ ده‌بێت، هه‌ر ئه‌وه‌ش وایكردووه مرۆڤه‌كان دانیشتووی ناوچه‌كه له‌سه‌رده‌مانێك گرنگی پێبدهنو له شێوه سروشتییه‌كه‌ی خۆی ده‌ربێنن به فراوانكردن‌و رازاندنه‌وه‌ی داتاشینی ده‌روازه بهردینهكانییهوه.
قه‌ڵای پاشا (كۆشكی مه‌حموود پاشای جاف)
ئه‌م قه‌ڵایه ده‌كه‌وێته گوندی تازه‌دێ به دووری (9) كیلۆمه‌تر باكووری رۆژهه‌ڵاتی شاری كه‌لار.
ئه‌م پاشماوه‌یه كۆشكێكی دوو نهۆمییه زیاتر له كاروانسه‌رایه‌ك ده‌چێت به‌هۆی ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی تێیدایه، به‌ڵام بیناكه به قه‌ڵای پاشا ناوبانگی هه‌یه.
كۆشكه‌كه له‌لایه‌ن (مه‌حموود پاشای جاف) دروستكراوه‌و مێژووه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی 1895ز ، جگه له بینای سه‌ره‌كییه‌كه‌ی كۆشك، لای باكووره‌وه بینایه‌كی تری لاكێشه‌یی هه‌یه كه پێده‌چێت ته‌رخان كرابێت بۆ كۆگاو جێگه‌ی تایبه‌تی ئهسپو ئاژه‌ڵی باربه‌ر، لای باشووریشه‌وه بینایه‌كی تری بچووك هه‌یه كه پێكهاتووه له چه‌ند ژوورێك به‌سه‌ر به‌رزاییه‌كه‌وه دروستكراوه‌و پێده‌چێت وه‌ك وێستگه‌یه‌كی پێشوزای بووبێت بۆ كۆشكه‌كه.
كۆشكی حه‌وش كوڕوو
ئه‌م كۆشكه ده‌كه‌وێته گوندی حه‌وش كوڕوو له سنووری ناحیه‌ی قۆره‌تووی سه‌ر به قه‌زای خانه‌قین به دووری (26) كیلۆمه‌تر له باشووری خۆرهه‌ڵاتی شاری كه‌لار، كۆشكه‌كه بینایه‌كی دوو نهۆمییه ئه‌گه‌رچی به‌شێكی زۆری رووخاوه، به‌ڵام به‌پێی سه‌رچاوه مێژووییه‌كان و هه‌روه‌ها بناغه‌و ئه‌و به‌شانه‌ی ماوه‌ن واده‌رده‌كه‌وێت بیناكه ده‌یان ژوور و دیوه‌خانی تێدابووبێت، مێژووه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌می حوكمڕانی (خه‌سره‌و په‌روێز) پادشای ساسانییه‌كان له ساڵانی (950 تا 1628)ی زاینی.
ئه‌م كۆشكه كه ته‌نها (7) كیلۆمه‌تر له كۆشكی ناسراو به (قه‌سر شیرین)ه‌وه دووره، له هه‌مان كاتدا له رووی بیناسازییه‌وه هاوشێوه‌ی یه‌كترن، به‌ڵام قه‌سر شیرین به شێوه‌یه‌كی گه‌وره‌تر دروستكراوه و مێژووه‌كه‌شی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌مان سه‌رده‌می پاشای ناوبراو.
قوله‌ی گوندی ئه‌حمه‌د قادر
ئه‌م قوله‌یه یه‌كێكه له‌و كۆمه‌ڵه قولانه‌ی له نێوان كه‌لار و ده‌ربه‌ندیخان به كه‌نار رووباری سیروان دروستكراون، پێده‌چێت وه‌ك یه‌كه‌یه‌كی چاودێری بهكارهێنرابن به‌هۆی ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه سه‌ربازیانه‌ی كه له قولهكاندا هه‌یه.
مێژووی دروستكردنی ئه‌م قولانه روون نییه، به‌ڵام به‌پێی زانیارییه‌كان پێده‌چێت له كۆتایی فه‌رمانڕه‌وایی عوسمانییه‌كان دروستكرابێت، به شێوه‌یه‌كی گشتیش ئه‌م قولانه پێكهاتووه له دوو نهۆم، یه‌ك ده‌رگای سه‌ره‌كییان هه‌یه، له نهۆمی یه‌كه‌مدا نزیكه‌ی (10) كونهمهتڕێزی تێدایه له‌گه‌ڵ ئاگردانێكی گه‌وره‌و دوو ژووری بچووك.
به‌رزی ئه‌م قولانه (2،8) مه‌تره‌و بنكه‌كانیان شێوه‌یه‌كی بازنه‌یی وه‌رگرتووه كه پێوانه‌كه‌ی (20) مه‌تره‌و سه‌قفی نهۆمه‌كانی به‌شێوه‌ی عهگاده دروستكراوه كه چینی دار به‌شێوه‌یه‌كی ئاسۆیی بۆ راخراوهو پاشان به به‌ردی خڕ و ماده‌ی قسڵ ته‌واو كراوه.
كۆشكی مه‌جید پاشا
ده‌كه‌وێته رۆژئاوای شاری كفری له لایه‌ن (مه‌جید پاشای قادر به‌گ)ه‌وه دروستكراوه و مێژووه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ كۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م.
كۆشكه‌كه پێكهاتووه له دوو نهۆم و چه‌ند ژوور و دیوه‌خانێك، هه‌ندێك له‌م به‌شانه به نهخشو نیگار (زه‌خره‌فه)ی رووه‌كی و ئاژه‌ڵی و ئه‌ندازه‌یی رازاوه‌ته‌وه.
سه‌رای كفری
ئه‌م سه‌رایه ده‌كه‌وێته رۆژئاوای شاری كفری له ساڵی 1919ی زاینی له‌لایه‌ن ئینگلیزه‌كانه‌وه دروستكراوه كه پێكهاتووه له دوو نهۆم و حه‌وشه‌یه‌كی گه‌وره كه به به‌ردی داتاشراو و ماده‌ی قسڵ دیواره‌كانی به‌رزكراونه‌ته‌وه و ماده‌ی ئاسنیش له سهقفهكانیدا به‌كارهاتووه.
سه‌رای كفری تاوه‌كو حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو وه‌ك بینای چه‌ندین فه‌رمانگه‌ی حكومی به‌كار هێنراوه.
مۆزه‌خانه‌ی فلكلۆری گه‌رمیان
ئه‌م مۆزه‌خانه‌یه له ساڵی 2003 له‌لایه‌ن فه‌رمانگه‌ی شوێنه‌واری كه‌لاره‌وه دروستكرا، كۆمه‌ڵێك پارچه شوێنه‌واری گردی قه‌ڵای شێروانه له خۆده‌گرێت، هه‌روه‌ها ئه‌و پارچه فلكلۆرییانهش كه تایبه‌تن به داب‌و نه‌ریتی ناوچه‌كه‌وه وه‌ك كه‌لوپه‌لی پیاوانه‌و ئافره‌تانه‌و كه‌ره‌سته‌ی كشتوكاڵی‌و پێداویستی ماڵان كه خه‌ڵكی ناوچه‌كه بۆ كاری رۆژانه‌ی خۆیان به‌كاریان هێناوه.
تێبینی: ئه‌م راپۆرته به‌هاوكاری راگه‌یاندنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شوێنه‌واری گه‌رمیان ئاماده‌كراوه.