زۆرترین خوێنراو
 
Loading
داواده‌كرێت حكومه‌ت له‌ سوودمه‌ندانی پێشوو له‌ خانوو و زه‌وی‌ خۆش بێت
AM:11:05:30/01/2013
فۆتۆ: ئه‌رشیف
خه‌ندان – ره‌هێڵ‌ سه‌مه‌د

ئه‌ندامێكی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان پێشنیازده‌كات حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌و كه‌سانه‌ خۆشبێت كه‌ پێشتر و له‌ بارودۆخێكی‌ نائاسایی هه‌رێمدا له‌ پێشینه‌ی‌ خانوبه‌ره‌ یان وه‌رگرتنی‌ زه‌وی‌ سوودمه‌ندبوون، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی-ش ڕایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌وانه‌ی له‌ سه‌رده‌می هه‌شتاكانیشدا زه‌وی و خانوویان وه‌رگرتووه‌ به‌ سوودمه‌ند هه‌ژمار ده‌كرێن.

كاروان ساڵح، په‌رله‌مانتاری سه‌ربه‌خۆ له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان به‌ (خه‌ندان)ی‌ ڕاگه‌یاند: پێویسته‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم چاوێك بخشێنێته‌وه‌ به‌و كه‌سانه‌ی‌ كه‌ ماوه‌یه‌كی‌ زۆره‌ له‌ وه‌رگرتنی‌ زه‌وی‌ یان پێشینه‌ی‌ خانووبه‌ره‌ سوودمه‌ند بوون، چونكه‌ له‌كاتی‌ ئێستادا گۆڕانكاریی‌ زۆر له‌ نرخ و كه‌لوپه‌له‌كان ڕوویداوه‌، ئه‌و كه‌سانه‌ سوودیان له‌و ئیمتیازانه‌ی‌ حكومه‌ت وه‌رنه‌گرتووه‌.

وتیشی‌: "به‌شێك له‌و كه‌سانه‌ی‌ له‌ سه‌رده‌می‌ ڕژێم زه‌وییان پێ دراوه‌، یان دوای‌ راپه‌ڕین به‌هۆی‌ بارودۆخی‌ ئه‌و كاته‌، به‌نرخی‌ هه‌رزان فرۆشتو‌ویانه‌، ئێستاش ناتوانن ببن به‌ خاوه‌ن زه‌وی‌ یان یه‌كه‌ی‌ نیشته‌جێبوون، بۆیه‌ پێشنیازمان كردووه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم چاوێك به‌و كه‌سانه‌دا بخشێنێته‌وه‌ و جارێكی‌ تر هه‌لی‌ سوودمه‌ندبو‌ونیان بۆ بڕه‌خسێنێت".

لای خۆیه‌وه‌ فه‌رماد محه‌مه‌د، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری حكومه‌تی هه‌رێم به‌ (خه‌ندان)ی ڕاگه‌یاند: تائێستا له‌ لایه‌ن په‌رله‌مان و حكومه‌ت و وه‌زاره‌ته‌كه‌یانه‌وه‌ هیچ بڕیارێك ده‌رنه‌چووه‌ له‌باره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ له‌ سه‌رده‌می رژێمی پێشوودا له‌ وه‌رگرتنی زه‌وی و خانوو سودمه‌ندبوون.

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری هه‌رێم راشیگه‌یاند: ئه‌وانه‌ی له‌ ساڵانی 1980-وه‌ له‌ وه‌رگرتنی زه‌وی و خانوو و پێشینه‌ی خانووبه‌ره‌ سودمه‌ندبوون، له‌ ئێستادا به‌ سو‌ودمه‌ندبوو هه‌ژمارده‌كرێن و هیچ بڕیارێك بۆ پێدانی زه‌وی نایانگرێته‌وه‌.

ئه‌م بابه‌ته 1566 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

هەواڵ

وەرزش

رادیۆ

خزمەتگوزاری

سەبارەت

رێکلام

Copyright 2014. Xendan for Publishing and Broadcasting. All Rights Reserved.