ئۆپیك: نرخی‌ نه‌وت دابه‌زینی‌ زیاتر به‌خۆوه‌نابینێت

خه‌ندان-

عه‌بدوڵڵا به‌دری‌ سكرتێری‌ گشتی‌ رێكخراوی‌ ئۆپیك رایگه‌یاند، رێكخراوه‌كه‌یان پێشبینی‌ ناكات نرخی‌ نه‌وت له‌ بازاڕه‌كانی‌ جیهان، دابه‌زینی‌ زیاتر به‌خۆوه‌ببینێت، ئه‌وه‌شی‌ ره‌تكرده‌وه‌ هیچ داواكارییه‌كی‌ پێگه‌یشتبێت تا پێش كانوونی‌ یه‌كه‌می‌ داهاتوو، كۆبوونه‌وه‌ی‌ نائاسایی‌ سازبكه‌ن.

به‌دری‌ له‌ پرێس كۆنفرانسێكدا له‌ مۆسكۆ وتی‌: "به‌هۆی‌ زیادبوون ئاستی‌ داواكارییه‌كان، له‌وبڕوایه‌دانیم، نرخی‌ نه‌وت داببه‌زێت".

وتیشی‌:"ئۆپیك به‌نیاز نییه‌ به‌رهه‌می‌ نه‌وت داببه‌زێنێت و هیچ داواكارییه‌كیشی‌ پێنه‌گه‌یشتووه‌ تا پێش مانگی‌ كانوونی‌ یه‌كه‌می‌ داهاتوو، كۆبوونه‌وه‌ی‌ نائاسایی‌ سازبكات".

كۆی‌ گشتی‌ نرخی‌ مانگانه‌ی‌ نه‌وتی‌ ئۆپیك له‌ مانگی‌ ته‌مموزدا (55.27) دۆلاری‌ تۆمار كرد، ئه‌وه‌ش به‌راورد به‌ مانگی‌ حوزه‌یرانی‌ رابردوو كه‌ نرخی‌ مانگانه‌ گه‌یشته‌ (60.21) دۆلار، رووی‌ له‌ دابه‌زین كردووه‌.

رێكخراوی‌ وڵاتانی‌ هه‌نارده‌كردنی‌ نه‌وت (ئۆپیك) له‌ ساڵی‌ 1960 له‌ به‌غدا به‌ رێككه‌وتنی‌ نێوان پێنج وڵات كه‌ له‌ سعودیه‌ و ئێران و عیراق و كوه‌یت و ڤه‌نزوێلا پێكهاتبوون، دامه‌زرا و له‌ئێستادا باره‌گاكه‌ی‌ له‌ ڤیه‌ننایه‌ , به‌ گه‌وره‌ترین رێكخراوی‌ جیهانی‌ سه‌رپه‌رشتیاری‌ رێكخستنی‌ پرۆسه‌ی‌ هه‌نارده‌كردنی‌ نه‌وت و دیاریكردنی‌ نرخه‌كان داده‌نرێت، له‌ئێستاشدا ئه‌ندامه‌كانی‌ 12 وڵاتی‌ هه‌نارده‌كردنی‌ نه‌وت له‌خۆده‌گرێت كه‌ هه‌موویان پێكه‌وه‌، خاوه‌نی‌ سێ‌ یه‌ك یان چوار یه‌كی‌ یه‌ده‌گی‌ نه‌وتن له‌ جیهاندا.

 
 

 أ.ج


ئه‌م بابه‌ته 1830 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


Copyright © 2015 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM