تایبه‌تمه‌ندییه‌كی ویندۆز 10، نیگه‌رانی به‌كارهێنه‌رانی لێده‌كه‌وێته‌وه‌

خه‌ندان – هزر كوردستانی

كۆمپانیای مایكرۆسۆفت كه خاوه‌نی سیستمی كارگێڕی ویندۆزه‌،  به‌كارهێنه‌رانی ناچار ده‌كات كه‌ نوێكردنه‌وه‌كان Updatesی ناو نوێترین وه‌شانی ویندۆز دابگرن و دابه‌زێنن به‌بێ پێدانی هیچ هه‌ڵبژارده‌یه‌كی دیكه‌.

له‌ نوێترین سیستمی كارگێڕی ویندۆزدا كه‌ به‌ ویندۆز 10 ناسراوه‌ و له‌ 29ی ئه‌م مانگه‌دا بڵاوده‌كرێته‌وه‌، مایكرۆسۆفت به‌كارهێنه‌رانی ناچار ده‌كات هیچ هه‌ڵبژارده‌یه‌كیان نه‌بێت و به‌ ناچاری نوێكردنه‌وه‌كانی ناو سیستمه‌كه‌ دابگرن و داببه‌زێنن كه‌ ئه‌مه‌ش، به‌گوێره‌ی پێگه‌ ته‌كنه‌لۆژییه‌كان نیگه‌رانی به‌كارهێنه‌رانی لێده‌كه‌وێته‌وه‌.

پێشتر له‌ ویندۆز 7 و 8دا به‌كارهێنه‌ر 4 هه‌ڵبژارده‌ی هه‌بوو بۆ نوێكردنه‌وه‌كان كه‌ بریتی بوون له‌:

1-    خودكارانه‌ نوێكردنه‌وه‌كان دابه‌زێنه‌ (پێشنیاركراو).
Install updates automatically (recommended)

2-    نوێكردنه‌وه‌كان دابگره‌ به‌ڵام ڕێگه‌م بده‌ بتوانم دایان به‌زێنم یان نا.
Download updates but let me choose whether to install them

3-    بۆ نوێكردنه‌وه‌كان بگه‌ڕێ، به‌ڵام ڕێگه‌م بده‌ بتوانم دایانگرم و دایان به‌زێنم یان نا.
Check for updates but let me choose whether to download and install them

4-    هه‌رگێز بۆ نوێكردنه‌وه‌كان مه‌گه‌ڕێ.
Never check for updates

به‌ڵام له‌ ویندۆز 10 وه‌شانی‌ هۆم -  Home- دا ته‌نها دوو هه‌ڵبژارده‌ له‌به‌رده‌ست به‌كارهێنه‌ردا هه‌یه‌ كه‌ بریتین له‌:

1-    نوێكردنه‌وه‌كان دابگره‌ و داببه‌زێنه‌ و كۆمپیوته‌ره‌كه‌ خودكارانه‌ دووباره‌ هه‌ڵبكه‌وه‌.
Download, install updates and reboot the computer automatically

2-    نوێكردنه‌وه‌كان دابگره‌ و داببه‌زێنه‌ و داوابكه‌ بۆ دووباره‌ هه‌ڵكردنه‌وه‌ی كۆمپیوته‌ره‌كه‌.
Download, install updates and ask to reboot the computer
 
به‌كارهێنه‌ر هه‌ركام له‌و دوو‌ هه‌ڵبژارده‌یه‌ هه‌ڵبژێرێت، ده‌بێت نوێكردنه‌وه‌كان دابه‌زێنێت كه‌ ئه‌مه‌ش پێده‌چێت كێشه‌ بۆ هه‌ندێك به‌رنامه‌ی ناو كۆمپیوته‌ره‌كه‌ دروست بكات.

مایكرۆسۆفت ده‌یه‌وێت له‌م ڕێگه‌یه‌وه‌ به‌كارهێنه‌رانی هه‌میشه‌ سه‌لامه‌ت بكات له‌ ڕووی ئه‌منییه‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش هه‌مان ئه‌و سیستمه‌یه‌ كه‌ گوگڵ بۆ تۆڕگه‌ری كرۆم په‌یڕه‌وی ده‌كات.

سه‌رچاوه‌: The Verge, Geek, The Guardian


ئه‌م بابه‌ته 2120 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


Copyright © 2015 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM