خوانێكی به‌ربانگ بۆ پێشمه‌رگه‌ كرایه‌وه‌

خه‌ندان ـ

خوانێكی به‌ربانگ كردنه‌وه‌ بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌ ناوچه‌ سنوورییه‌كانی كه‌ركووك ده‌كرێته‌وه‌، هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ش ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن ئه‌ركه‌ ئاینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی خۆیان به‌باشی ئه‌نجام ده‌ده‌ن

ئێواره‌ی دوێنێ‌ شه‌ممه‌ 27ی حوزه‌یرانی 2015، پارێزگاری سلێمانی و یه‌كێتی وه‌به‌رهێنه‌رانی كوردستان و ژماره‌یه‌ك له‌ به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌كانی سلێمانی سه‌ردانی ناوچه‌ی ته‌ل وه‌ردیان له‌ سنووری پارێزگای كه‌ركووك كرد و خوانێكی به‌ربانك كردنه‌وه‌یان بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌و سنووره‌ سازكرد.

هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ ماوه‌ی ساڵێكه‌ له‌و سنووره‌دا نیشته‌جێن و ناوچه‌یه‌كی سنووری نزیك چه‌كدارانی داعشه‌ و زۆرجار شه‌ڕ و پێكدادانی سه‌خت له‌نێوان هه‌ردولا له‌و ناوچه‌یه‌دا روویداوه‌.

له‌گه‌ڵ هاتنی مانگی ره‌مه‌زانیشدا پێشمه‌رگه‌كانی ئه‌و سنووره‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن سه‌ره‌ڕای به‌ئه‌نجام گه‌یاندنی ئه‌ركه‌ ئاینییه‌كه‌یان و گرتنی رۆژووی مانگی ره‌مه‌زان، ئه‌ركه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌شیان به‌ باشی ئه‌نجام ده‌ده‌ن و سنووره‌كانی خۆیان زیاتر توندوتۆڵتر كردووه‌.

ئه‌نوه‌ر محه‌مه‌د، پێشمه‌رگه‌یه‌كی سنووره‌كه‌ كه‌ سه‌رقاڵی به‌جێگه‌یاندنی ئه‌ركی پاسه‌وانی خۆی و چاودێریكردنی ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعش بوو، بۆ ئاژانسی ئه‌نادۆڵ وتی: "ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه‌ دۆخمان زۆر باشه‌ و ناوچه‌كه‌ش ئارامه‌ و هیچ كێشه‌ و گرفتێكمان نییه‌، سه‌نگه‌ره‌كانمان زیاتر كۆنتڕۆڵ كردووه‌ و به‌رده‌وام له‌ ئاماده‌باشیدان بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی هه‌ر هێرش و په‌لامارێكی له‌ناكاو".

ئه‌و ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد له‌گه‌ڵ هاتنی مانگی ره‌مه‌زاندا جگه‌ له‌ گه‌رمای ناوچه‌كه‌ش زۆرینه‌ی پێشمه‌رگه‌كانی ئه‌و سنووره‌ به‌ رۆژوون و ئه‌ركه‌ ئاینییه‌كانی خۆیان به‌ باشی ئه‌نجام ده‌ده‌ن.

هاوكات د. ئاسۆ فه‌ره‌یدون، پارێزگاری سلێمانی به‌ ئه‌نادۆڵی راگه‌یاند: "مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی ئه‌نجامدانی ئه‌و خوانه‌، به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی ئه‌و هێزه‌یه‌ كه‌ هه‌موومان ده‌پارێزێت و بتوانین رۆژێك له‌ نزیكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وان بین و پێكه‌وه‌ خوانی به‌ربانگ بكه‌ینه‌وه‌".

سه‌رچاوه‌: aa
هــ. ر


ئه‌م بابه‌ته 2467 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


Copyright © 2015 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM