جێگری‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان ئیمزا له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ سبه‌ینێی‌ په‌رله‌مان ناكات

خه‌ندان ـ فه‌رهه‌نگ فه‌ره‌یدون

بڕیاره‌ سبه‌ینێ‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان خوێندنه‌وه‌ی‌ یه‌كه‌م بۆ پرۆژه‌یاسای‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم بكات و په‌رله‌مانتارێكی‌ فراكسیۆنی‌ پارتی‌ دیموكراتی كوردستانیش ده‌ڵێت ئه‌و پرۆژه‌یه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی‌ كوردستان نییه‌.

به‌پێی‌ زانیارییه‌كانی‌ خه‌ندان كه‌ له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ تایبه‌ته‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌ جه‌عفه‌ر ئیمینیكی‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان ئیمزا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ناكات كه‌ سبه‌ینێ‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان گفتوگۆ له‌سه‌ر هه‌مواركردنه‌وه‌ی‌ پرۆژه‌یاسای‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بكات له‌كاتێكدا هه‌ریه‌ك له‌ د.یوسف محه‌مه‌د سه‌رۆك و فه‌خره‌دین قادر جێگری سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان ئیمزایان له‌سه‌ری‌ كردووه‌.

سه‌رچاوه‌ تایبه‌ته‌كه‌ی‌ خه‌ندان ئه‌وه‌شی‌ وت كه‌ له‌ئێستادا وه‌فدێكی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان هاتوونه‌ته‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان و سه‌رقاڵی‌ گفتوگۆكردنن بۆ ئه‌وه‌ی‌ بگه‌نه‌ رێككه‌وتنێك له‌سه‌ر هه‌مواركردنه‌وه‌ی‌ یاسایه‌كه‌.

مه‌ردان خدر ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌ فراكسیۆنی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان به‌ خه‌ندانی‌ راگه‌یاند: "ئێمه‌ پێشكه‌شكردنی‌ ئه‌و پرۆژه‌یاسایه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان نابینین، پێشمانوایه‌ هه‌ر لایه‌ك كه‌ پرۆژه‌یاسا پێشكه‌ش ده‌كات كێشه‌كانی‌ پێ چاره‌سه‌ر نابێت".

وتیشی‌: "دوو رێگا هه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ ئه‌م پرسه‌، یه‌كه‌میان چاوه‌ڕوانی‌ لیژنه‌ی‌ نووسینه‌وه‌ی‌ ده‌ستوورمان بكردایه‌ و بمازانیبایه‌ ده‌توانن ئه‌و كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ن، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ نه‌بوو له‌ پاشان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان كۆبوونایه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ته‌وافوق بكه‌ن له‌سه‌ر پرۆژه‌یاسای‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان".

ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد: "ئێمه‌ پێمانوایه‌ ئه‌م شێوازه‌ی‌ ئێستا كه‌ هه‌ر لایه‌نه‌ و پرۆژه‌یاسایه‌كی‌ پێشكه‌ش كردووه‌ بۆ هه‌مواری‌ پرۆژه‌یاسای‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم كێشه‌كه‌ ئاڵۆزتر ده‌كات، ئێمه‌ ترسمان له‌وه‌ نییه‌ كه‌ به‌ڕێز مه‌سعود بارزانی‌ بۆ جارێكی دیكه‌ هه‌ڵنه‌بژێردرێته‌وه‌ بۆ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، پارتی‌ و سه‌رۆكی هه‌رێمیش داوایان كردووه‌ هه‌ڵبژاردن بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ كێشه‌كه‌ به‌ شێوازێكی‌ یاسایی‌ چاره‌سه‌ر بكرێت".

ئه‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌ ده‌شڵێت ئه‌و حزبانه‌ بۆ ده‌ركه‌وتنی‌ ده‌ستكه‌وت پرۆژه‌یاسا پێشكه‌ش ده‌كه‌ن و وتیشی: "ئه‌و حزبانه‌ی‌ كه‌ پرۆژه‌یاسایان پێشكه‌ش كردووه‌ مه‌به‌ستیانه‌ كه‌ به‌ڕێز مه‌سعود بارزانی‌ وه‌ك سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بۆ ماوه‌یه‌كی دیكه‌ له‌ پۆسته‌كه‌یدا به‌رده‌وام بێت، له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌مه‌شدا هه‌ندێك ده‌ستكه‌وتیان ده‌ستكه‌وێت".

خدر ئه‌وه‌شی‌ وه‌بیرهێنانه‌وه‌ كه‌: "بارودۆخی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ناله‌باره‌ و چه‌ندین كێشه‌مان رووبه‌ڕووبووه‌ته‌وه‌، له‌كاتێكدا كه‌ بارودۆخی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌سه‌ر ئاستی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ به‌ره‌وپێشچووه‌ و نزیكبووینه‌ته‌وه‌ له‌ سه‌ربه‌خۆیی‌، بۆیه‌ ئامۆژگاری‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌كه‌م به‌ گفتوگۆ و لێكتێگه‌یشتن بگه‌نه‌ رێككه‌وتن".

له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ خه‌ندان ئه‌وه‌ی‌ زانیوه‌ كه‌ له‌ ئه‌گه‌ری‌ سووربوونی‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان و سكرتێری‌ په‌رله‌مان و فراكسیۆنه‌كانی‌ گۆڕان و یه‌كێـتی‌ و كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی و یه‌كگرتووی ئیسلامی و بزووتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامی بۆ ئه‌نجامدانی‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ و رێگریكردن لێی‌ له‌لایه‌ن فراكسیۆنی‌ پارتی‌ و جێگری‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ ئه‌گه‌ر روودانی‌ ئاژاوه‌ و شه‌ڕ و كێشه‌ هه‌یه‌.

خه‌ندان په‌یوه‌ندی كرد به‌ ئومێد خۆشناو سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی پارتییه‌وه‌، به‌ڵام ئاماده‌ نه‌بوو لێدوان له‌سه‌ر ئه‌و بدات.

خ.غ




ئه‌م بابه‌ته 13006 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


Copyright © 2015 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM