به‌ڤیدیۆ: په‌رله‌مانتارێك مانگانه‌ 50 هه‌زار دۆلار ده‌داته‌ كرێی خانووه‌كه‌ی

خه‌ندان_ سۆران كه‌ریم


په‌رله‌مانتارێكی‌ عیراق، رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌ خانوویه‌كی كرێدا ده‌ژی‌ كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانه‌وه‌ پاره‌كه‌ی‌ بۆ ده‌درێت و مانگانه‌ی‌ خانووه‌كه‌شی‌ ده‌كاته‌ نزیكه‌ی‌ 50 هه‌زار دۆلار.

شه‌علان كه‌ریم، ئه‌ندامی‌ ئیئتیلافی عیراقییه له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق‌ له‌ دیدارێكی‌ ته‌له‌فزیۆنیدا و له‌ وه‌ڵامی‌ پرسیارێكدا ده‌رباره‌ی‌ ئه‌و خانووه‌ی‌ تیَیدا ده‌ژی‌، وتی‌: "ئه‌م خانووه‌، موڵكی‌ من نییه‌ و به‌ كرێ تیَیدام، كرێی‌ مانگانه‌شی‌ به‌ 50 هه‌زار دۆلاره‌ و ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران بۆم ده‌دات".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌داوه‌ كه‌ به‌پێی یاسا هه‌ر په‌رله‌مانتارێك ماڵی‌ له‌ به‌غدا نه‌بێت، په‌رله‌مان كرێی خانووی‌ بۆ ده‌دات، وتیشی: "من له‌ سامه‌ڕا كۆشكێكی‌ گه‌وره‌م هه‌یه‌ و وا راهاتووین كه‌ ناتوانین له‌ ناو خانووی‌ بچووك یان شوقه‌ بژین، خانووی‌ باشترم له‌مه‌ ده‌ستنه‌كه‌وت، لێره‌ش خه‌ڵك فێربوون ئه‌گه‌ر بزانن خانووه‌كه‌ بۆ په‌رله‌مانتاره‌ ئیتر داوای‌ زۆر ده‌كه‌ن".

له‌باره‌ی‌ خراپی‌ كاره‌باوه‌، ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌، وتی‌: "به‌ڕاستی‌ گه‌رمایه‌كی زۆر هه‌یه‌، به‌ڵام من موه‌لیده‌م هه‌یه‌، كاره‌باشم به‌شی‌ دراوسێكان داوه‌".

دواجار میدیاكاره‌كه‌ پرسیاری‌ ئه‌وه‌ی‌ لێده‌كات كه‌ ده‌وترێت شه‌علان كه‌ریم، كه‌سێكی‌ توڕه‌یه‌، ئه‌ویش له‌ وه‌ڵامدا وتی‌: "من له‌سه‌ر حه‌ق، توڕه‌ ده‌بم به‌تایبه‌ت كاتێك ببینم كه‌سێك سته‌م ده‌كات".

خ.غ


ئه‌م بابه‌ته 36272 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


Copyright © 2015 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM