ده‌ستبه‌سه‌ر ئۆتۆمبێلێكی‌ بۆمبڕێژكراوی‌ ژماره‌ "هه‌ولێر"دا ده‌گیرێت

خه‌ندان - سۆران كه‌ریم

له‌ ناو شاری‌ نه‌جه‌ف، ده‌ستبه‌سه‌ر ئۆتۆمبێلێكی‌ بۆمبڕێژكراوی‌ جۆری‌ ئۆپڵ كه‌ هه‌ڵگری‌ تابلۆی‌ پارێزگای‌ هه‌ولێره‌ ده‌گیرێت، چاره‌نووسی‌ شۆفێره‌كه‌ش دیار نییه‌ و نازانرێت كورده‌ یان عه‌ره‌ب.

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار، كه‌ هاوكات یه‌كێكه‌ له‌ سه‌رپه‌رشتیارانی‌ هه‌ڵمه‌تی‌ به‌ هه‌رێمكردنی‌ كه‌ربه‌لا و نه‌جه‌ف، به‌ خه‌ندان-ی‌ راگه‌یاند : كه‌مێك پێش ئێستا ئۆتۆمبێلێكی‌ بۆمبڕێژكراو كه‌ تابلۆی‌ پارێزگای‌ هه‌ولێری پێوه‌یه‌ له‌ ناو شاری‌ نه‌جه‌ف ده‌ستی‌ به‌سه‌ردا گیرا".

له‌باره‌ی‌ شۆفێری ئۆتۆمبێله‌كه‌وه‌، ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ كه‌ داوایكرد ناوی‌ بڵاونه‌كرێته‌وه‌، وتی‌: "تائێستا چاره‌نووسی‌ شۆفێره‌كه‌ی‌ دیار نییه‌، ده‌وترێت دوای‌ ده‌ستگیركردنی‌ كوژراوه‌، ده‌شڵێن ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگایه‌، ده‌نگۆی‌ ئه‌وه‌ش هه‌یه‌ كه‌ لێكۆَلێنه‌وه‌ی‌ له‌ گه‌ڵدا ده‌كرێت".

سه‌رچاوه‌یه‌كی تریش ته‌ئكیدیكرده‌وه‌، كه‌ شۆفێره‌كه‌ كورد نییه‌، وتيشى :"هێشتا ته‌ئكید نه‌كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌ چی شێوه‌یه‌ك ئه‌و ئۆتۆمبیله‌ گه‌ینراوه‌ته‌ ئه‌و شوێنه‌.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ كه‌ نزیكه‌ له‌ وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆی‌ عیراقه‌وه‌، وتی‌: "بۆ له‌كه‌داركردنی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، ژماره‌ی‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌ گۆڕدراوه‌ بۆ هه‌ولێر، چونكه‌ به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی‌ وه‌رمگرتووه‌، ژماره‌كه‌ ساخته‌یه‌".










ئه‌م بابه‌ته 24284 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


Copyright © 2015 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM