خه‌ندان - وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عیراق هۆشداری ده‌دات له به‌كارهێنانی گیا ده‌رمانییه‌كانی لاوازبوون له لایه‌ن ژنان و كچان و هه‌ندێ له پیاوان و گه‌نجان كه گرفتی زیادی كێشیان هه‌یه.
له‌م باره‌یه‌وه دكتۆر زیاد تارق وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عیراق رایگه‌یاند كه به‌كارهێنانی ئه‌م گیا ده‌رمانییانه پێویسته له‌ژێر چاودێری پزیشكی تایبه‌تمه‌ند و ده‌رمانسازدا بێت و له‌و شوێنانه بكڕدرێن كه جێگای متمانه بن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زیانی پزیشكی بۆ سه‌ر گیانی هاوڵاتیان هه‌یه.
لای خۆیه‌وه پزیشكی ده‌رمانساز ئوسامه هادی حه‌مید له بنكه‌ی نیشتمانی بو َچاودێری و لیكۆڵینه‌وه‌ی ده‌رمان، روونیكرده‌وه كه زۆربه‌ی زۆری ئه‌و ده‌رمانانه‌ی بۆ لاوازبوون به‌كاردێن گیایین و كه‌میان كیمیاوین و میكانیزمی كاركردنیان له جۆرێكه‌وه بۆ جۆرێكی تر جیاوازه و هه‌ندێكیان ئاره‌زووی خواردن كه‌م ده‌كه‌نه‌وه هه‌ندێكی تریش رێگه ده‌گرێ له مژینی چه‌وری و سووتاندنی له له‌شدا ئه‌وه‌ش كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر ته‌ندروستی مرۆڤ ده‌كات و تووشی نه‌خۆشی ده‌كات.
حه‌مید ته‌ئكیدیشی كرده‌وه كه پێویسته ده‌رمانه‌كان به‌رهه‌می بڕیارلێدراو و تۆماركراو له لایه‌ن لایه‌نی تایبه‌تمه‌نده‌وه بن و شوێنی دروستكردن دیاری كرابێت.
دووپاتیشیكرده‌وه كه پێویسته هاوڵاتیان له‌و جۆره ده‌رمانانه دووربكه‌ونه‌وه كه ده‌بنه‌هۆی لاوازبوونێكی زۆر له كاتێكی كه‌مدا.
راشیگه‌یاند كه پێوه‌ری زانستی بۆ هاوسه‌نگی نێوان كێش و درێژی باڵا و ته‌مه‌ن هه‌یه كه زۆر خه‌ڵك نایزانن و هه‌ر خۆیان پێیانوایه كه كێشیان زیاده.