زۆرترین خوێنراو
 
Loading
چیرۆكی‌ فرۆشگای‌ ئوم كه‌لسووم له‌ هه‌ولێر
PM:02:55:30/03/2012
فۆتۆكان - ئاڤان فارس
خه‌ندان - ئاڤان فارس

هه‌رده‌مه‌و كاتێك رێتبكه‌وێته‌ شه‌قامی‌ باته‌ و بازاڕی‌ گه‌وره‌ی‌ هه‌ولێر، گوێـت له‌ ده‌نگی‌ (ئوم كه‌لسووم)، ده‌بێت، كه‌ نزیك ده‌بیته‌وه‌ بۆت ده‌رده‌كه‌وێت هی‌ فرۆشگایه‌كی‌ بچووكی‌ فرۆشتنی‌ خوارده‌مه‌نیه‌ به‌ ناوی‌ (ئوم كه‌لسووم).

خاوه‌نی‌ فرۆشگای‌ ئوم كه‌لسووم، پیاوێكی‌ پێست سپی‌ چاو سه‌وزه‌، به‌ناوی‌ سه‌ڵاح جه‌لال مه‌حمود، له‌دایكبووی‌ 1950 شاری‌ هه‌ولێره‌، له‌ ساڵی‌ 1975 ئه‌و فرۆشگایه‌ی‌ كردۆته‌وه‌، به‌ وته‌ی‌ خۆی‌ هۆكاری‌ ناونانی‌ فرۆشگاكه‌ی‌ بۆ خۆشه‌ویستی‌ و تامه‌زرۆبوونی‌ به‌ ده‌نگی‌ ئه‌م ژنه‌ هونه‌رمه‌نده‌ بووه‌، ده‌ڵێت: "ده‌نگی‌ كه‌لسووم له‌لای‌ من زۆر تایبه‌ته‌، هه‌میشه‌ گوێی‌ لێده‌گرم".

به‌ ده‌نگێكی‌ به‌رزیشه‌وه‌ ده‌ڵێ‌، ئه‌گه‌ر لێم ده‌پرسن ئایا خۆشه‌ویستیت بۆ ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ و گه‌وره‌یی‌ له‌و ئاسته‌یه‌ تۆ فرۆشگایه‌ك بكه‌یت به‌ناوی‌ ئه‌وه‌وه‌، ده‌ڵێت: " ئه‌و كاته‌ی‌ من ئه‌و فرۆشگایه‌م كرده‌وه‌، فرۆشگای‌ له‌و شێوه‌یه‌ ژماره‌یان زۆر كه‌مبوو، به‌درێژایی‌ كاركردن ئه‌و ماوه‌ زۆره‌ نه‌متوانیوه‌ فرۆشگاكه‌م فراوان بكه‌م، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ببمه‌ خاوه‌نی‌ گه‌وره‌ترین باڵه‌خانه‌ش له‌مدونیایه‌ هه‌ر ناوی‌ ده‌نێم (ئوم كه‌لسووم)".

تا گفتووگۆ درێژه‌ پێبده‌ی‌ له‌گه‌ڵ خاوه‌نی‌ فرۆشگای‌ كه‌لسووم، چیرۆكی‌ زیاتر ده‌بیستیت، له‌نێو فرۆشگای‌ كه‌لسووم جگه‌ له‌ كاسێتی‌ كه‌لسوم، كاسێتی‌ هیچ هونه‌رمه‌ندێك و گۆرانبیژێكی‌ دیكه‌ نییه‌، ئه‌و ته‌سجیله‌ی‌ له‌ فرۆشگاكه‌ش به‌رچاو ده‌كه‌وێت به‌وته‌ی‌ خاوه‌نه‌كه‌ی‌ هی‌ ساڵانی‌ 1984ه‌ و تا ئێستا ماوه‌ و ته‌نیا كاسێتی‌ ئوم كه‌لسوومی‌ پێلێدراوه‌.

سه‌ڵاحی‌ خاوه‌ن فرۆشگای‌ كه‌لسووم چاوه‌كانی‌ پڕده‌بێت له‌ فرمسێك و باس له‌وه‌ ده‌كات ده‌نگی‌ كه‌لسووم ده‌نگی‌ رۆژه‌ سه‌خته‌كانی‌ ته‌مه‌نی‌ بووه‌، ئه‌و كاتانه‌ی‌ به‌هه‌رهۆیه‌كه‌وه‌ له‌شار دوور بووبێت ئه‌و ده‌نگه‌ هاوده‌می‌ بووه‌، ئاشكرای‌ ده‌كات خۆشه‌ویستی‌ كه‌لسووم وای‌ لێكردوه‌ به‌شداری‌ دوو ئاهه‌نگی‌ بكات له‌و كاتانه‌ جوانترین یادگاری‌ له‌گه‌ڵ ده‌نگی‌ تۆمار بكات و تا ئێستاش بیری‌ نه‌چۆته‌وه‌.

سه‌لاح به‌ نیگه‌رانییه‌وه‌ ده‌ڵێت: "تاقه‌ كچێكم هه‌بوو ویستم ناوی‌ بنێم كه‌لسووم، هاوسه‌ره‌كه‌م رێگری‌ لێكردم و نه‌یهێشت ناوی‌ بنێم كه‌لسووم، ته‌نانه‌ت نیگه‌رانه‌ به‌ بوونی‌ وێنه‌كانی‌ ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ له‌نێو ماڵه‌كه‌ش".

خاوه‌نی‌ فرۆشگاكه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات ساڵانی‌ زوو به‌هۆی‌ خۆشه‌ویستی‌ ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ زۆر فرۆشگا و تۆمارگا ئه‌م ناوه‌یان هه‌بووه‌، به‌ڵام به‌هۆی‌ گۆڕانكاری‌ و گه‌وره‌بوونی‌ شار ئه‌م ناوه‌یان نه‌هێشت، به‌ڵام من هه‌رگیز ئه‌م ناوه‌ لانابه‌م، جگه‌ له‌و فرۆشگایه‌ له‌ شه‌قامی‌ ئیسكانی‌ شاری‌ هه‌ولێریش كافیتریایه‌كیش به‌ناوی‌ (ئوم كه‌لسووم) هه‌یه‌.

ئوم كه‌لسووم ژنه‌ هونه‌رمه‌ندی‌ میسرییه‌، به‌ ئه‌ستێره‌ی‌ خۆرهه‌ڵات، خانمی‌ گۆرانی‌ عه‌ره‌بی‌ ناسراوه‌، جگه‌ له‌و نازناوه‌ چه‌ندین نازناوی‌ دیكه‌ی‌ هه‌بووه‌، به‌هۆی‌ كاریگه‌ری‌ ده‌نگ و وشه‌كانی‌ له‌كاتی‌ گۆرانی‌ توانیویه‌تی‌ دوای‌ مردنیشی‌ هه‌ر به‌ زیندوێتی‌ بمێنێته‌وه‌، كه‌لسووم له‌ ته‌مه‌نی‌ 71 ساڵی‌ كۆچی‌ دوایی‌ كردووه‌.








ئه‌م بابه‌ته 6495 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

هەواڵ

وەرزش

رادیۆ

خزمەتگوزاری

سەبارەت

رێکلام

Copyright 2014. Xendan for Publishing and Broadcasting. All Rights Reserved.