عیزه‌ت دووری‌ ماوه‌ و پشتگیری له‌ سه‌ربه‌خۆیی‌ كوردستان ده‌كات

خه‌ندان_

جێگری‌ سه‌رۆكی‌ له‌سێداره‌دراوی‌ رژێمی‌ به‌عس، ئه‌مڕۆ هه‌ینی به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ تۆمارێكی‌ ده‌نگی‌ نوێ كه‌ له‌ سه‌ر تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و سایته‌كانی‌ ئینته‌رنێت بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، هه‌موو ئه‌و هه‌واڵ و لێدوانانه‌ ره‌تكرده‌وه‌  كه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی‌ مانگی‌ رابردوودا له‌باره‌ی‌ كوژرانییه‌وه‌ له‌ ناوچه‌یه‌كی حه‌مرین، بڵاوكرایه‌وه‌، هاوكت پشتگیری خۆی‌ بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، راده‌گه‌یه‌نێت.


عیزه‌ت دووری‌، ئه‌مینداری‌ گشتی‌ حزبی‌ به‌عسی‌ قه‌ده‌غه‌كراو و جێگری‌ سه‌دام حسێن، سه‌رۆكی‌ رژێمی‌ به‌عسی‌ له‌سێداره‌دراو، له‌ تۆماره‌ ده‌نگییه‌ نوێیه‌كه‌ی‌ رایگه‌یاند :" میلیشیا چه‌كداره‌ تایفییه‌كان به‌ هه‌موو جۆره‌كانییه‌وه‌ كه‌ له‌ژێر چه‌تری‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ كۆبوونه‌ته‌وه‌، گه‌وره‌ترین تاوانكاری‌ دژ به‌ هاوڵاتیانی‌ مه‌ده‌نی‌ ئه‌نجام ئه‌ده‌ن".

ره‌تیشیكرده‌وه‌، كه‌ حزبی‌ به‌عس سه‌ر به‌ داعش بێت، وتیشی :" داعش زۆر دووره‌ له‌ حزبی‌ به‌عسه‌وه‌، له‌ عه‌قیده‌و  بیركردنه‌وه‌، ته‌نانه‌ت حزبی‌ به‌عس به‌كافر ده‌زانێت". 

عیزه‌ت دووری‌، كه‌ له‌ 17ی‌ نیسانی‌ رابردوو، هه‌واڵی‌ كوژرانی‌ له‌لایه‌ن پارێزگای‌ سه‌ڵاحه‌دین بڵاوكرایه‌وه‌ و تائێستا ئه‌نجامی‌ پشكنینی DNAی‌ به‌ فه‌رمی‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌ عیراقه‌وه‌ رانه‌گه‌ینراوه‌، وتیشی :" ئه‌و كاره‌ی‌ داعش كردی‌ به‌ كوشتنی‌ خۆبه‌خشه‌كانی‌ سپایكه‌ر، ره‌تیده‌كه‌ینه‌وه‌ چونكه‌ ئه‌وان شه‌ڕیان به‌رامبه‌ر به‌ داعش نه‌كرد".

به‌ پێویستیشی ده‌زانێت ئه‌مریكا چه‌ك بداته‌ عه‌شایه‌ره‌ سونه‌كانی‌ عیراق به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی‌ شه‌ڕ له‌ به‌رامبه‌ر داعش ده‌كه‌ن و میلیشیاكان ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌، وتیشی :" ئه‌مه‌ داخوازی‌ سوننه‌كانه‌".


ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شدا، كه‌ پرۆژه‌ی‌ فیدڕاڵی‌ و دروستكردنی‌ هه‌رێمه‌كان، ئامانج لێی دابه‌شكردنی‌ عیراقه‌، وتیشی :" كوردستان مافی‌ خۆیه‌تی‌ له‌وباره‌یه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ پرسی نه‌ته‌وه‌یه‌ك و نیشتمانه‌".


له‌عه‌ره‌بییه‌وه‌: سۆران

ئه‌م بابه‌ته 34605 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

‌‌‌

Copyright © 2015 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM