زۆرترین خوێنراو
 
Loading
وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆی‌ عیراق هه‌ڵمه‌تی‌ له‌ناوبردنی‌ "ئیمۆ" ئه‌نجام ده‌دات
PM:10:56:05/03/2012
خه‌ندان – به‌غدادیه‌نیوز
به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ پۆلیسی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆی‌ عیراق ئاشكرای‌ كرد به‌وردی‌ چاودێری‌ دیارده‌ی‌ "ئیمۆ" ده‌كه‌ن و ره‌زامه‌ندی‌ ره‌سمییان وه‌رگرتووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌ نزیكترین كاتدا له‌ناویان ببه‌ن به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ كاریگه‌ری‌ خراپی‌ له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ هه‌یه‌ و بووه‌ به‌ مه‌ترسی‌.

دیارده‌ی‌ ئیمۆ كه‌ له‌ وشه‌ی‌ "emotional"ی‌ ئینگلیزیه‌وه‌ وه‌رگیراوه‌ له‌ناو موراهیقه‌كاندا زۆر به‌ربڵاوه‌ نه‌ك له‌ عیراقدا به‌ڵكو له‌سه‌رانسه‌ری‌ جیهاندا و په‌نا بۆ گۆڕینی‌ شێوه‌ و جوڵه‌كانیان ده‌به‌ن بۆ ده‌ربڕینی‌ هه‌ست و خواست و بۆچوونیان بۆ ژیان.

عه‌قید موشتاق تاڵیب به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ پۆلیسی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆی‌ عیراق رایگه‌یاند كه‌ دیارده‌ی‌ ئیمۆ له‌ به‌غدای‌ پایته‌خت سه‌ری‌ هه‌ڵداوه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ له‌باره‌وه‌ كراوه‌ و راپۆرت ئاراسته‌ی‌ وه‌زاره‌ت كراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ره‌زامه‌ندی‌ بۆ وه‌ربگرێت و له‌ناوببرێت.

وتیشی‌: "وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ گرنگی‌ به‌م مه‌سه‌له‌یه‌ دا و له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی‌ په‌روه‌رده‌وه‌ ره‌زامه‌ندی‌ دراوه‌ كه‌ پلانێكی‌ گشتگیری‌ بۆ دابڕێژرێت و سه‌ردانی‌ قوتابخانه‌ و خوێندنگاكانی‌ پایته‌خت بكه‌ن بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌وباره‌وه‌".

عه‌قید موشتاق ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ چه‌ند حاڵه‌تێك به‌دیكراوه‌ به‌تایبه‌ت له‌ قوتابخانه‌كانی‌ به‌غدا، به‌ڵام كێشه‌ی‌ نه‌بوونی‌ كادری‌ ژنیان هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ورده‌كای‌ ئه‌و دیارده‌یه‌ ئاشكرا بكه‌ن به‌تایبه‌ت كه‌ دیارده‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌ربڵاو له‌نێوان كچاندا بڵاوه‌ له‌ ته‌مه‌نه‌كانی‌ نێوان 14 بۆ 18 ساڵ‌.

ئیمۆكانان ره‌فتاری‌ سه‌یریان هه‌یه‌ و جلوبه‌رگی‌ سه‌یر و ته‌سك له‌به‌رده‌كه‌ن كه‌ وێنه‌ی‌ كه‌لـله‌سه‌ری‌ له‌سه‌ره‌ و كه‌لوپه‌لی‌ قوتابخانه‌ له‌شێوه‌ی‌ كه‌لـله‌سه‌ر به‌كارده‌هێنن و گوێچكه‌ و زمانیان ده‌سمن و شێوازی‌ سه‌یریان هه‌یه‌.

له‌باره‌ی‌ بڵاوبووه‌نه‌وه‌ی‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان له‌گه‌ڵ‌ ئه‌م جۆره‌ بۆچوونانه‌دا، عه‌قید موشتاق روونیكرده‌وه‌ كه‌ دیارده‌ی‌ به‌كارهێنانی‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا هه‌یه‌ و كار بۆ له‌ناوبردنی‌ ده‌كه‌ن و ئێستا ده‌یانه‌وێت بچنه‌ ناو قوتابخانه‌ و خوێندنگاكانه‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ دیارده‌ی‌ ئیمۆ و بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان.

له‌باره‌ی‌ ئه‌گه‌ری‌ به‌ئامانجگرتنی‌ ئیمۆكان له‌لایه‌ن گروپه‌ توندڕه‌وه‌كانه‌وه‌، عه‌قید موشتاق وتی‌: "تائێستا گروپه‌ توندڕه‌وه‌كان هیچ هه‌ڵوێستێكیان له‌باره‌ی‌ ئه‌و دیارده‌یه‌وه‌ نه‌بووه‌"، ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ سه‌رقاڵی‌ چاره‌سه‌ركردنی‌ ئه‌و دیارده‌یه‌ن به‌هێمنی‌ به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ و تاكه‌كان به‌جێبێڵێت.

ئاشكراشیكرد كه‌ به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ ئیمۆكان ته‌نها له‌گه‌ڵ‌ كه‌سانی‌ ئیمۆدا تێكه‌ڵاوده‌بن و له‌گه‌ڵ‌ كه‌سانی‌ ئاسایی قسه‌ناكه‌ن، كێشه‌یان بۆ دروستبووه‌.

زیاتر له‌ ساڵ‌ و نیوێكه‌ له‌ناو بازاڕه‌كاندا نوێترین جلوبه‌رگ و مه‌وادی‌ جوانكاری‌ بڵاوبووه‌ته‌وه‌ كه‌ زۆربه‌یان له‌شێوه‌ی‌ كه‌لـله‌سه‌رن.
هه‌روه‌ك دوكانی‌ تایبه‌ت به‌ فرۆشتنی‌ جلوبه‌رگ و مه‌ودای‌ جوانكاری‌ ئیمۆكان هه‌یه‌ كه‌ وێنه‌ی‌ كه‌لـله‌سه‌ر و كه‌سایه‌تییه‌ به‌ناوبانگه‌كانی‌ له‌سه‌ره‌ و هه‌ندێكیان به‌ ئینگلیزی‌ له‌سه‌ریان نووسراوه‌، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای‌ پێڵاوی‌ سه‌یروسه‌مه‌ره‌.

ئه‌م بابه‌ته 9000 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

هەواڵ

وەرزش

رادیۆ

خزمەتگوزاری

سەبارەت

رێکلام

Copyright 2014. Xendan for Publishing and Broadcasting. All Rights Reserved.