به‌ مادده‌ی‌ خراپ به‌كارهێنانی‌ ئامێره‌كانی‌ په‌یوه‌ندی‌، رۆژنامه‌نووسێك ده‌ستگیر كرا

خه‌ندان ـ هێمن محه‌مه‌د

به‌رپرسی‌ سه‌نته‌ری‌ میترۆ بۆ داكۆكی‌ كردن له‌ مافی‌ رۆژنامه‌نووسان، له‌ گه‌رمیان، رایده‌گه‌یه‌نێت : به‌ پێی‌ مادده‌ی‌ خراپ به‌كارهێنانی‌ ئامێره‌كانی‌ په‌یوه‌ندی‌ و به‌ فه‌رمانی‌ دادوه‌ری‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ كه‌لار، سه‌رنوسه‌ری‌ سایتێك له‌ گه‌رمیان  ده‌ستگیر كرا.

دڵشاد ئه‌نوه‌ر، به‌رپرسی‌ سه‌نته‌ری‌ میترۆ بۆ داكۆكی‌ كردن له‌ مافی‌ رۆژنامه‌نووسان، له‌ گه‌رمیان، به‌ خه‌ندانی‌ راگه‌یاند : "سه‌رله‌به‌یانی‌ ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌، له‌سه‌ر سكاڵای‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ تاپۆی‌ كه‌لار و  به‌ فه‌رمانی‌ دادوه‌ری‌ لێكۆڵینه‌وه‌، رۆژنامه‌نووس جه‌لال هۆرێنی‌، سه‌رنوسه‌ری‌ سایتی‌ ئاگا پرێس ده‌ستگیر كرا " .

وتیشی‌، هۆكاری‌ ده‌ستگیر كردنی‌ ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌ به‌هۆی‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ كۆمه‌ڵێك نوسراوی‌ دیوانی‌ چاودێری‌ و دارایی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بووه‌ له‌سه‌ر به‌رێوه‌به‌رایه‌تی‌ تاپۆی‌ كه‌لار، له‌ سایته‌كه‌یاندا.

باسی‌ له‌وه‌شكرد، ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌ به‌پێی‌ مادده‌ی‌ خراپ به‌كارهێنانی‌ ئامێره‌كانی‌ په‌یوه‌ندی‌ كردن، ده‌ستگیر كراوه‌.

ئه‌كره‌م ره‌زا، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ تۆماركردنی‌ خانووبه‌ره‌ی‌ گه‌رمیان به‌ خه‌ندانی‌ راگه‌یاند: " وه‌كو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ تۆماركردنی‌ خانووبه‌ره‌ی‌ گه‌رمیان سكاڵامان له‌سه‌ر ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌ تۆمار كردووه‌و ئێستا قه‌زیه‌كه‌ی‌ له‌ دادگایه‌ " .


ئه‌م بابه‌ته 3966 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


Copyright © 2015 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM