زۆرترین خوێنراو
 
Loading
تەنهایی، ڕێخۆشکەرە بۆ توشبوون بە ئەلزایمەر
AM:09:25:12/12/2012
خەندان-

توێژەرەوان ڕایدەگەیه‌نن ئەو کەسانەی بەتەنها ژیان بەسەردەبەن، دووئەوەندەی کەسانی ئاسایی ئەگەری زیاتریان هەیە بۆ توشبوون بە نەخۆشی ئەلزایمەر (فەرامۆشی) کاتێک کە دەکەونە تەمەنەوە.

لە توێژینەوەیەکەدا دەرکەوتووە پەیوەندییەکی کاریگەر هەیە لە نێوان هەستکردن بە تەنهایی و مەترسی توشبوون بە نەخۆشی شێواوی خانەکانی مێشک، ئەمە سەرەڕای ئەوکەسانەی کە هیچ هاوڕێیەکیان نییە.

توێژینەوەکانی پێشوتر سەلمێنەری ئەوەن کە هەستکردن بە تەنهایی یان نەبو‌ونی هاوکارێکی ژیان مەترسی توشبون بە نەخۆشی بیرچو‌ونەوە و پوکاندنەوەی مێشک زیاد دەکات.

توێژەرەوان لە ئەمستردامی وڵاتی هۆڵه‌ندا توێژینەوەیەکیان لەسەر کەسە بەتەمەنەکان ئەنجامدا و تێیدا باری ئاسایی و تەندروستی زیاتر لە 2000 نەخۆشیان وەرگرت، کە هیچ نیشانەیەکی نەخۆشی لەبیرچونەوەیان نەبوو. دەرکەوت لە نێوان هەر دە کەسێکدا کە بەتەنیا ژیانیان بەسەردەبرد، یەکێکیان توشی نەخۆشی لەبیرچونەوە هاتبو‌و لە ماوەی سێ ساڵدا، ئەمەش بە بەراورد لەگەڵ ئەو کەسانەدا کە بەکۆمەڵ دەژیان و ڕێژەکە یەک لە 20 بوو.

لەنێوان ئەو کەسانەشدا کە خێزانیان پێکەوە نەنابوو، ڕێژەی توشبوون بە نەخۆشی لەبیرچونەوە بەهەمان شێوە بوو، ئەمەش پێدەچێت پەیوەندی بە کەسایەتی نەخۆشەکانەوە هەبێت، چونکە لەو جۆرە کەسانە بوون کە هەستیان بە تەنیایی نەدەکرد.

ئەوانەش کە دەیانوت هەست بە تەنیایی دەکەین، بەڕێژەی دوو ئەوەندەی کەسە ئاساییەکان توشی نەخۆشییەکە ببون، واتە لەسەدا 13.4 بە بەراورد لەگەڵ نەخۆشەکانی دیکە، کە ڕێژه‌ی توشبو‌ونیان لەسەدا 5.7 بوو.
لێکۆڵەرەوانی ئەمستردام ڕایدەگەیه‌نن " توێژینەوەکە دەریدەخات، هەستکردن بە تەنهایی هۆکارێکی مەترسیداری توشبو‌ونە بە نەخۆشی لەبیرچونەوە دوای بەساڵاچون، ئەلزایمەر"فەرامۆشی"یش باوترین جۆری نەخۆشی بیرچونەوەیە".

خۆشبەختانە ئەو ڕاستییەی کە "هەستکردن بە تەنهایی" بەبێ بو‌ونی گۆشەگیری پەیوەندیی بە بیرچونەوەوە هەبێ، پێشبینی ئەوە دەکات کە هۆکاری سەرەکی نەخۆشییەکە نەبێت، بەڵکو تەنها درککردنێکە بەوەی کە نەبونی ئارەزوی کۆمەڵایەتی دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی مەترسی توشبوون بە فەرامۆشی.

توێژەری بواری نەخۆشییەکانی لەبیرچو‌ونەوە جێسیکا سمیز ڕایدەگەێنێت "باشترین ڕێگا بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی توشبوون بە نەخۆشییەکە بریتین لە وەرزشکردن و خواردنی باش و دورکەوتنەوە لە جگەرەکێشان".

دکتۆر "سیمۆن ڕێدلی" توێژەری بواری "ئەلزایمه‌ر" لە بەریتانیا کە گروپێکی خێرخوازی دەوڵەتە، ڕایدەگەێنێت "پێدەچێت دۆزینەوە نوێیەکە سودی گرنگی هەبێت بۆ بواری کۆمەڵایەتی".

هەروەها وتیشی " تەمەن، بە مەترسیدارترین هۆکاری توشبون بەو نەخۆشییە دەمێنێتەوە، بەڵام توێژینەوەکە دەرخەری ئەوەیە کە گۆشەگیری ئەگەری توشبوون بە نەخۆشییەکە زیاتر دەکات".

لە کۆتایدا ڕایگەیاند " کارێکی ئاسان نییە کە لەم ئاستەدا هۆکار و کاریگەرییەکان دەستنیشان بکرێن، چونکە پێدەچێت هەستکردن بە تەنهایی نیشانەیەکی سەرەتایی توشبون بە نەخۆشییەکە بێت، وەک لەوەی کە هۆکار بێت بۆ نەخۆشییەکە".

لە ئینگلیزییەوە: هاوڕێ فەریق
سەرچاوە: دەیلی مەیڵ

ئه‌م بابه‌ته 1317 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

هەواڵ

وەرزش

رادیۆ

خزمەتگوزاری

سەبارەت

رێکلام

Copyright 2014. Xendan for Publishing and Broadcasting. All Rights Reserved.