رێگریی‌ له‌ به‌رپرسانی‌ حكومی‌ ده‌كرێت بڕۆنه‌ ناو هه‌ڵه‌بجه‌

خه‌ندان ـ ده‌روون ره‌شید

ژماره‌یه‌ك له‌ چالاكوانان و رۆژنامه‌نووسان و رۆشنبیران و خه‌ڵكی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ كه‌مپینێكیان به‌ناوی‌ (كه‌مپینی‌ گردی‌ گۆ) راگه‌یاندوه‌ و ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كه‌ن، ده‌بێت ئه‌و به‌رپرسه‌ حكومیانه‌ی‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ نیشته‌جێن و ده‌وامیان له‌ ناو شاره‌كه‌ هه‌یه‌، شوێنی‌ نیشته‌جێبوونیان بۆناو شاره‌كه‌ بگوازنه‌وه‌، به‌پێچوانه‌وه‌ رێگریان لێده‌كه‌ن بێنه‌ ناو هه‌ڵه‌بجه‌.

دره‌و مه‌هدی حه‌سه‌ن، ئه‌ندامی گروپی شه‌قامی هه‌ڵه‌بجه‌و یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانی‌ كه‌مپینی‌ گردی‌ گۆ تایبه‌ت به‌ خه‌ندانی راگه‌یاند: "ئێمه‌ وه‌ك كۆمه‌ڵێك له‌ چالاكوانانی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ ناوی گروپی شه‌قامی هه‌ڵه‌بجه‌، هه‌ستاوین به‌ سازدانی كه‌مپینێك به‌ ناوی  كه‌مپینی گردی گۆ".

وتیشی: "ئه‌م كه‌مپینه‌شمان زاده‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌له‌ ساڵانی رابردوودا زۆرێك له‌ فه‌رمانگه‌كان و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كان له‌ ناو هه‌ڵه‌بجه‌، كه‌سانێك ته‌حه‌كومیان به‌سه‌ره‌وه‌ كردووه‌ تا ئێستا له‌ناو هه‌ڵه‌بجه‌دا نیشته‌جێ نه‌بوون و له‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ هاتوون، كه‌ ئه‌مه‌ش بوه‌ته‌هۆی ئه‌وه‌ی وه‌ك پێویست ئیش و كاری هاوڵاتین رانه‌په‌ڕێنن و كاری هاوڵاتیان بۆ چه‌ند رۆژێك دوابكه‌وێت".

دره‌و ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: "مه‌به‌ستی كه‌مپینه‌كه‌ی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ رێگری بكه‌ین له‌هاتنی ئه‌و  به‌رپرسانه‌ی كه‌ له‌ ناو هه‌ڵه‌بجه‌ پۆستی حكومیان له‌ فه‌رمانگه‌كان هه‌یه‌ و خۆیان له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ نیشته‌جێن بۆ فه‌رمانگه‌كانیان، ئه‌گه‌ر شوێنی نیشته‌جێبوونیان بۆ ناو هه‌ڵه‌بجه‌ نه‌گوازنه‌وه‌".

روونیشیكرده‌وه‌: "یه‌كێكیتر له‌ هۆكاره‌كانی دروستكردنی (كه‌مپینی گردی گۆ) ئه‌وه‌یه‌، ئێستا هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ سه‌روبه‌ندی  دابه‌شكردنی پۆسته‌كانیه‌تی له‌ پارێزگا نوێكه‌دا، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ده‌مانه‌وێت فشار بخه‌ینه‌ له‌ حیزبه‌كان و بیكه‌ین به‌ مۆدێلێك كه‌ پۆستیان پێشكه‌شی هه‌ركه‌سێك كرد، یه‌كێك له‌ مه‌رجه‌كان ئه‌وه‌بێت  كه‌ ماڵ و منداڵ و شوێنی نیشته‌جێبونی بگوازێته‌وه‌ بۆ ناو هه‌ڵه‌بجه‌".

ئه‌وه‌شی وت: "لاریمان له‌وه‌ نیه‌ كه‌ له‌ هه‌رشوێنێكه‌وه‌ دێن و خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه‌نین، به‌ڵكو ده‌مانه‌وێت ئیش و كاری هاوڵاتیان به‌هۆی شوێنی نیشته‌جێبوونیانه‌وه‌ دوانه‌كه‌وێت و له‌گه‌ڵ خه‌م و ئازاره‌كانی هاوڵاتیانی شاره‌كه‌بژین، بۆئه‌وه‌ی له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگاداری كه‌م و كورتی و كێشه‌كانی ئه‌م شاره‌بن، چونكه‌ ناكرێت به‌ڕێوه‌به‌رێك له‌م شاره‌دا به‌ڕێوه‌به‌ر بێت و هه‌ر كاتژمێر 12-ی لێهات  كاره‌كانی خۆی جێبَڵێت و  برواته‌ ماڵه‌وه‌".

راشیگه‌یاند: "ئێمه‌ وه‌ك چالاكوانانی هه‌ڵه‌بجه‌، چه‌ندجارێك ئه‌و به‌رپرسانه‌مان ئاگاداركردووه‌ته‌وه‌ كه‌ شوێنی نیشته‌جێبوونیان بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ بگوازنه‌وه‌، ئه‌وانیش لایخۆیانه‌وه‌ به‌ڵێنی ئه‌وه‌یان پێداین كه‌ ماڵه‌كانیان بێنینه‌ هه‌ڵه‌بجه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ چه‌ند ساڵێكه‌ به‌وشێوه‌یه‌ ماوه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت  بیانهێنینه‌ به‌رده‌م راگه‌یاندنه‌كان و به‌ڵینی گواستنه‌وه‌ی ماڵه‌كانیان بۆ نێو شاره‌كه‌ له‌رێگه‌ی راگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌ به‌ فه‌رمی پێبده‌ین".

هــ. ر
 


ئه‌م بابه‌ته 1835 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


Copyright © 2015 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM