زۆرترین خوێنراو
 
Loading
مه‌له‌وانێكی‌ كورد، دوو ئافره‌تی‌ عه‌ره‌ب له‌ خنكان رزگار ده‌كات
PM:11:39:19/10/2012
فۆتۆ: ئه‌رشیف
خه‌ندان- سۆران كه‌ریم

دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ خێزانێكی‌ عه‌ره‌ب بۆ گه‌شتكردن رووده‌كه‌نه‌ سه‌ر رووباری‌ سیروان له‌ شاری‌ ده‌ربه‌ندیخان، دوو ئافره‌تی‌ خێزانه‌كه‌ له‌ كاتی‌ وێنه‌گرتندا ده‌كه‌ونه‌ نێو رووباره‌كه‌وه‌، به‌ڵام به‌هه‌وڵی مه‌له‌وانێكی‌ كورد و چه‌ند هاوڕێیه‌كی، توانرا هه‌ردوو ئافره‌ته‌كه‌ له‌ خنكان رزگار بكرێن.

ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، كه‌ پیشه‌ی‌ مامۆستایه‌‌و هاوكات مه‌له‌وانیشه‌، بۆ خه‌ندان رایگه‌یاند: "ئه‌مڕۆ هه‌ینی (19ی‌ تشرینی یه‌كه‌می 2012) خێزانێكی‌ عه‌ره‌ب كه‌ له‌ چوار ئافره‌ت‌و پیاوێك‌و دوو منداڵ پێكهاتبوون بۆ گه‌شتكردن روویانكردبووه‌ رووباری‌ سیروان له‌ شاری‌ ده‌ربه‌ندیخان".

له‌ كاتی‌ یاریكردن‌و و ێنه‌گرتندا یه‌كێك له‌ ئافره‌ته‌كان كه‌ ته‌مه‌نی‌ نزیكه‌ی (30) ساڵ ده‌بێت ده‌كه‌وێته‌ ناو رووباره‌كه‌وه‌، بۆ هاوكاریكردن‌و ده‌ركردنی له‌ رووباره‌كه‌، یه‌كێكی‌ دیكه‌ له‌ ئافره‌ته‌كان كه‌ ته‌مه‌نی‌ نزیكه‌ی‌ (25) ساڵ ده‌بێت ده‌ستی بۆ راده‌كێشێت، به‌ڵام ئه‌ویش له‌گه‌ڵ خۆیدا راده‌كێشێته‌ نێو رووباره‌كه‌وه‌.

ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، وتیشی: "من له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوڕێیه‌كمدا كه‌ له‌سه‌ر رووباره‌كه‌ بووین هه‌ستمان به‌هاواركردنی‌ دوو ئافره‌ته‌كه‌ كردو نزیكه‌ی‌ (15) مه‌تر لێیانه‌وه‌ دووربووین، بۆیه‌ به‌په‌له‌ خۆم پێیانگه‌یاندن‌و چوومه‌ نێو رووباره‌كه‌وه‌ بۆ رزگاركردنیان".

وه‌كخۆی‌ روونیكرده‌وه‌: چه‌ند جارێك له‌كاتی‌ هه‌وڵداندا بۆ رزگار كردنیان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ دوو ئافره‌ته‌كه‌ ترساون، مه‌له‌وانه‌كه‌یان خستووه‌ته‌ مه‌ترسییه‌وه‌‌و رایانكێشاوه‌ته‌ نێو قووڵایی رووباره‌كه‌وه‌.

مامۆستا ئیبراهیم، وتیشی: "هه‌وڵێكی‌ زۆرمدا تا توانیم یه‌كێك له‌ ئافره‌ته‌كان له‌ لێواری‌ رووباره‌كه‌ نزیك بكه‌مه‌وه‌ و دواتر هاوڕێكانم یارمه‌تییاندا و له‌ ئاوه‌كه‌ ده‌ریانهێنا، منیش گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ رزگاركردنی‌ ئافره‌ته‌كه‌ی‌ دیكه‌‌و توانیم دوای‌ هه‌وڵێكی‌ زۆر ئه‌ویش رزگار بكه‌م".

مامۆستا ئیبراهیم كه‌ پێشتریش كه‌سێكی‌ نزیك خۆی‌ له‌ خنكان رزگاركردووه‌، وتیشی: "دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ فریاگوزاری‌ سه‌ره‌تاییمان بۆ دوو ئافره‌ته‌كه‌ كرد، توانییان بێنه‌وه‌ سه‌ر باری‌ ته‌ندروستی‌ خۆیان‌و ئاسایی ببنه‌وه‌، دواتر سوپاسگوزاری‌ خۆیان ده‌ربڕی‌ له‌وه‌ی‌ توانیمان ژیانیان له‌ مه‌ترسی‌ رزگار بكه‌ین".
ئه‌م بابه‌ته 5188 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

هەواڵ

وەرزش

رادیۆ

خزمەتگوزاری

سەبارەت

رێکلام

Copyright 2014. Xendan for Publishing and Broadcasting. All Rights Reserved.