له‌گه‌رمیان هه‌ژده‌ كه‌س كوژراون و شه‌ش كه‌س رفێندراون

خه‌ندان - هێمن محه‌مه‌د

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی گه‌رمیان ئاماری شه‌ش مانگی یه‌كه‌می ئه‌مساڵی تاوان و سه‌رپێچییه‌كانی ناوچه‌كه‌ی ئاشكرا كرد و رایگه‌یاند كه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا هه‌ژده‌ كه‌س كوژراون و حه‌وت ئۆتۆمبێلیش سووتێنراون.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی گه‌رمیان له‌ هۆڵی كتێبخانه‌ی گشتی كه‌لار كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی بۆ خستنه‌ڕووی ئاماری شه‌ش مانگی یه‌كه‌می 2015 رێكخست.

 له‌ ئاماره‌كانیشدا تاوان و سه‌رپێچییه‌ جۆراوجۆره‌كانی سنووری ئیداره‌ی گه‌رمیان له‌لایه‌ن موقه‌ده‌م حه‌سه‌ن محه‌مه‌د، وته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی گه‌رمیانه‌وه‌ به‌مشێوه‌یه‌ خراونه‌ته‌ڕوو:

له‌ماوه‌ی سه‌ره‌تای مانگی كانوونی دووه‌م هه‌تا كۆتایی مانگی حوزه‌یران، تاوان و سه‌رپێچییه‌ تۆماركراوه‌كان به‌مشێوه‌یه‌ بوون (18 حاڵه‌تی كوشتن كه‌ 10 یان كوشتنی به‌ئه‌نقه‌ست و 8 یان كوشتنی هه‌ڵه‌ بووه‌، له‌و ژماره‌یه‌ش ته‌نها یه‌ك تاوان ئاشكرا نه‌بووه‌ و تاوانبار ده‌ستگیر نه‌كراوه‌)، (شه‌ش حاڵه‌تی رفاندن تۆمار كراون و پێنج تۆمه‌تباری ئه‌و تاوانانه‌ش ده‌ستگیر كراون)، ( 222 حاڵه‌تی شه‌ڕكردنی جۆراوجۆر روویانداوه‌ و 174 حاڵه‌تیان لێكۆڵینه‌وه‌ی تێدا كراوه‌ و تۆمه‌تبارانی ده‌ستگیر كراون).

له‌ درێژه‌ی كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی گه‌رمیان، تاوانه‌كانی سووتاندن و دزینی ئۆتۆمبێل، دزییه‌ گرنگه‌كان و ساخته‌ و ته‌زویر، به‌مشێوه‌یه‌ راگه‌یه‌ندران، (حه‌وت ئۆتۆمبێل سووتێنراون و بكه‌رانی ئه‌و تاوانه‌ ئاشكرا نه‌بوون، حه‌وت ئۆتۆمبێلی دیكه‌ دزراون كه‌ شه‌ش حاڵه‌تیان لێكۆڵینه‌وه‌ی سه‌ركه‌وتوویان تێدا كراوه‌)، ( 191 دزی گرنگ تۆمار كراون و 79 حاڵه‌تیان ئاشكرا بوون و تاوانبارانی ده‌ستگیر كراون)، هه‌روه‌ها 26 حاڵه‌تی ساخته‌ و وته‌زویر تۆماركراون كه‌ 22 حاڵه‌تیان ئاشكرا كراوه‌).

تاوانه‌كانی به‌دڕه‌وشتی و خراپ به‌كارهێنانی ئامێره‌كانی په‌یوه‌ندیكردن-یش راگه‌یه‌نران كه‌ بریتی بوون له‌ (30 حاڵه‌تی به‌دڕه‌وشتی كه‌ سه‌رجه‌میان ئاشكرا بوون و ئه‌نجامده‌رانی ده‌ستگیركراون، 76 تاوانی خراپ به‌كارهێنانی ئامێره‌كانی په‌یوه‌ندیكردن-تۆماركراون و 56 حاڵه‌تیان ئاشكرا كراون).



ئه‌م بابه‌ته 4597 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


Copyright © 2015 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM