زۆرترین خوێنراو
 
Loading
شاجوانی كوردستان
PM:10:36:20/08/2012
خه‌ندان- ئاڤان فارس

شێنێ‌ عه‌زیز، شاجوانی‌ كوردستان له‌م دیمانه‌یه‌دا له‌گه‌ڵ (خه‌ندان) ئاماژه‌ به‌ خه‌ونی‌ "به‌شاجوان بوون" ده‌كات، چه‌ندین لایه‌نی‌ شاراوه‌ی‌ ژیانی‌ و كارو چالاكییه‌كانی‌ ده‌خاته‌ڕوو، سوپاسی‌ خه‌ندان ده‌كات كه‌ پاڵپشتی‌ بووه‌، خۆشه‌ویستیشی‌ بۆ خه‌ڵكی‌ شاری‌ سلێمانی‌ ده‌رده‌بڕێت و ده‌ڵێت: "من هیچ قسه‌یه‌كم به‌ خه‌ڵكی‌ ئه‌و شاره‌ نه‌‌وتووه‌".

خه‌ندان: ده‌كرێت پرۆفایلی‌ ژیانی‌ خۆت بۆ خوێنه‌رانی‌ خه‌ندان زیاتر بخه‌یته‌ڕوو؟
شێنێ‌ عه‌زیز: من له‌ شاری‌ هه‌ولێر له‌دایكبووم له‌ساڵی‌ 1994، له‌ رانیه‌ گه‌وره‌بووم له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌م و به‌شی‌ هه‌ره‌زۆری‌ خزم و كه‌سوكاریشم له‌و شاره‌ن، له‌ پێنج ساڵییه‌وه‌ له‌ وڵاتی‌ نه‌رویج ئه‌ژیم، له‌ تاراوگه‌ به‌ خوێندن و ده‌وامكردن و ئیشوكار بۆ خه‌ونه‌كانم سه‌رقاڵ بووم، سه‌رقاڵی‌ شانۆگه‌ری‌ و دانس و نمایشی‌ جلوبه‌رگ بووم به‌ر له‌وه‌ی‌ بگه‌ڕێمه‌وه‌ كوردستان.

خه‌ندان: بوون به‌ شاجوان له‌نێو بیركردنه‌وه‌و خه‌ونه‌كانتدا هه‌بوو؟
شێنێ‌ عه‌زیز:به‌ڵێ‌، به‌رده‌وام بیرم له‌وه‌ ده‌كرده‌وه‌، رۆژێك له‌رۆژان به‌شداریی‌ كێبڕكێی‌ شاجوانیی‌ بكه‌م، به‌ڵام له‌ كوردستان بۆ من گرنگ بوو، هه‌موو كچێك حه‌زده‌كات ببێت به‌ شاجوان، من بیرم له‌وه‌ ده‌كرده‌وه‌‌و له‌نێو خه‌ونه‌كانمدا هه‌بوو وه‌ حه‌زم ده‌كرد ببم به‌ شاجوان.

خه‌ندان: له‌رێگه‌ی‌ كێوه‌ ئاگادار كرایته‌وه‌ له‌ سازكردنی‌ كێبڕكێی‌ شاجوانیی‌؟
شێنێ‌ عه‌زیز: زۆر كه‌س په‌یوه‌ندییان پێوه‌كردم، به‌تایبه‌ت هاوڕێكان و به‌شێك له‌ خزمه‌كانم، دوایی‌ ریكلامیشم بینی‌، دوو سێ‌ رۆژ بیرم لێكرده‌وه‌، باوه‌ڕم به‌خۆم هه‌بوو، بۆیه‌ بڕیاری‌ گه‌ڕانه‌وه‌م دا، دایكیشم زۆر هاوكارم بوو.

خه‌ندان: ئه‌و به‌رنامه‌و كاره‌ هونه‌رییانه‌ی‌ له‌ رابردوو ئه‌نجامتداون، چین؟ له‌ كوێ‌ بوون؟
شێنێ‌ عه‌زیز: من زیاتر كارم له‌گه‌ڵ هیندی و پاكستانی‌ كردووه‌، شانۆگه‌ریی زۆرم كردووه‌ له‌ تاراوگه‌، كورته‌ فیلمێكم هه‌یه‌ كه‌ رۆڵێكی‌ زۆری‌ منی‌ تێدایه‌ باس له‌ حه‌زو خه‌ونی‌ گه‌نجێك ده‌كات كه‌ سه‌رشێتانه‌ له‌ ژیان ده‌ڕوانێت، ناوی‌( كۆستن بداری‌) زۆر كه‌س وا ده‌زانن من له‌گه‌ڵ مافیام، ره‌خنه‌م لێده‌گرن ئه‌وه‌ گرته‌ی‌ نێو فیلمه‌كه‌یه‌ نه‌ك ژیانی‌ راسته‌قینه‌ی‌ من، (وا له‌ خوشكه‌كه‌م مه‌كه‌ن) یه‌كێكیتره‌ له‌ فیلمه‌كانی‌ دیكه‌م. له‌ هه‌فته‌ی‌ داهاتوو فیلمێكی‌ دیكه‌م په‌خشده‌كرێت له‌ نه‌رویج.
له‌ بواری‌ فاشن به‌شداریم له‌ نمایشی‌ جلی‌ هیندی‌ كردووه‌، بۆ ماركه‌ی‌ نه‌رویجیش نمایشم كردووه‌، راهێنه‌ری‌ دانسی‌ هیندی‌ بووم له‌ نه‌رویج.

خه‌ندان: ئایا له‌لایه‌ن كۆمپانیا ناوخۆیی و جیهانییه‌كانه‌وه‌ بانگهێشت نه‌كراویت بۆ ریكلامكردن؟
شێنێ‌ عه‌زیز: خۆم و سه‌رجه‌م كچه‌ به‌شداربووه‌كان هه‌ر دوای‌ كێبڕكێكه‌ داوایان لێكراوه‌ ریكلام بكه‌ن، به‌ڵام من ره‌زامه‌ند نه‌بووم، ئه‌مه‌وێت بۆ به‌رژه‌وه‌ندی‌ گشتی‌ كاربكه‌م، جارێ‌ به‌رنامه‌كانم ده‌ستپێنه‌كردووه‌، كاروپرۆژه‌ی‌ زۆرم له‌به‌رده‌سته‌.




خه‌ندان: پێشتر ره‌خنه‌ له‌ كچه‌ هونه‌رمه‌نده‌ ناسراوه‌كان گیراوه‌ كه‌ ویستو‌ویانه‌ له‌ڕێی ده‌رخستنی هه‌ندێك به‌شی جه‌سته‌یانه‌وه‌ سه‌رنجی خه‌ڵك رابكێشن، رات چییه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌؟ چۆن حه‌ز ده‌كه‌یت ده‌ربكه‌ویت؟
شێنێ‌ عه‌زیز: من ته‌نیا شتێك ده‌ڵێم، بینه‌رو هه‌واداره‌كانمان بۆ سه‌یری‌ زیره‌كی‌ و تواناو هونه‌ری‌ ئه‌و كه‌سه‌ ناكه‌ن كه‌ كاری‌ جوانیان پێشكه‌ش ده‌كه‌ن، بۆ له‌ روانگه‌ی‌ دیكه‌وه‌ لێمان ده‌ڕوانن.

خه‌ندان: ده‌وترێت شاجوانی كوردستان شاجوانی هه‌موو پێكهاته‌كانه‌، ئایا له‌ ده‌ركه‌وتنه‌كانی ئاینده‌شتدا ره‌چاوی ئه‌وه‌ ده‌كه‌یت؟
شێنێ‌ عه‌زیز: من شاجوانی‌ كوردستانم، هه‌موو كوردستان پێویسته‌ پشتگیریی‌ له‌ شاجوانی‌ كوردستان بكه‌ن، من هه‌موو تواناكانم ده‌خه‌مه‌ڕوو بۆ كوردستان، من ته‌نیا بۆ ده‌ركه‌وتن نه‌گه‌ڕامه‌وه‌، من پێویستیم به‌ پشتگیریی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستانه‌، هه‌میشه‌ ره‌چاوی‌ ئه‌وه‌ ده‌كه‌م كه‌ من ده‌بێت له‌ خزمه‌تی‌ كوردستاندا بم.

خه‌ندان: له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانیه‌كه‌تدا راتگه‌یاند به‌شداریی‌ له‌ ماڵپه‌ری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ فه‌یسبووك ناكه‌یت، به‌ڵام هه‌وادارانت ده‌ڵێن شێنێی‌ راسته‌قینه‌ هاوڕێمانه‌؟
شێنێ‌ عه‌زیز: زۆر پرۆفایل هه‌یه‌ به‌ناوی‌ منه‌وه‌، من فه‌یسبووكم نییه‌، زۆر لێم ده‌پرسن ئایا ئه‌وه‌ منم، به‌ڵام نه‌خێر من نیم، ده‌مه‌وێت له‌ ئاینده‌ فه‌یسبووكێكم هه‌بێت و دروستی‌ بكه‌م، شێنێی‌ راسته‌قینه‌ له‌ فه‌یسبووك نییه‌.

خه‌ندان: په‌یوه‌ندیت له‌گه‌ڵ ئه‌و كچانه‌ چۆنه‌ كه‌ بوونه‌ هاوه‌ڵت له‌ كێبڕكێكه‌؟
شێنێ‌ عه‌زیز: په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵیان زۆر باشه‌، زۆرم خۆشده‌وێن، به‌داخه‌وه‌ به‌رنامه‌كه‌ وابوو كه‌ كه‌سێك سه‌ربكه‌وێت، بۆیه‌ پله‌كان ئاوابوون، من ساڵی‌ ئاینده‌ به‌شداریی‌ كێبڕكێی‌ شاجوانی‌ ناكه‌م، رێگه‌ بۆ كچانی‌ دیكه‌ خۆشده‌كه‌م به‌شداربن.

خه‌ندان: چۆن پارێزگاریی‌ له‌ جوانییه‌كه‌ت ده‌كه‌یت؟
شێنێ‌ عه‌زیز: من زۆر گرنگی‌ به‌خواردن ده‌ده‌م، چه‌وری‌ ناخۆم، ئاو زۆر ده‌خۆمه‌وه‌، میوه‌ زۆر به‌ به‌رنامه‌ به‌كارده‌هێنم، به‌ به‌رده‌وام وه‌رزش ده‌كه‌م.

خه‌ندان: سایتی‌ خه‌ندان له‌ سه‌ره‌تای‌ بیرۆكه‌ی‌ سازكردنی‌ كێبڕكێی‌ شاجوانی‌ گرنگییه‌كی‌ زۆری‌ به‌ بابه‌ته‌كه‌ دا، یه‌كه‌م سایت بوو له‌ شه‌وێكی‌ دره‌نگ له‌ماوه‌یه‌كی‌ كه‌مدا هه‌واڵی‌ ده‌ستنیشانكردنی‌ شاجوانیی‌ تۆی‌ راگه‌یاند، خوێنه‌رێكی‌ زۆر پێشوازیی‌ له‌ هه‌واڵه‌كه‌ت كرد، چیت هه‌یه‌ بۆ سایتی‌ خه‌ندان؟
شێنێ‌ عه‌زیز: من زۆر سوپاسی‌ خه‌ندان ده‌كه‌م، خه‌ڵكێكی‌ زۆر له‌ رێگه‌ی‌ سایتی‌ خه‌ندان هه‌واڵه‌كه‌یان زانی‌، سوپاس بۆ ئه‌و گرنگیه‌، ئێوه‌ هه‌واڵی‌ به‌شاجوانبوونی‌ منتان راگه‌یاند، پێویستم به‌ ئێوه‌یه‌‌و هیوادارم پشتگیریم بكه‌ن.

خه‌ندان: هیچ رێكخراوێكی‌ ژنان پیرۆزبایی‌ لێكردیت؟
شێنێ‌ عه‌زیز: به‌ڵی‌، به‌به‌رده‌وام پیرۆزبایم لێده‌كه‌ن، هێشتا رۆژانه‌ له‌رێگه‌ی‌ ته‌له‌فۆن‌و ئیمه‌یڵ پیرۆزباییم لێده‌كه‌ن.

خه‌ندان: چی‌ به‌و كچانه‌ ده‌ڵێیت كه‌ ره‌خنه‌یان لێگرتوویت له‌كاتی‌ ده‌ستنیشانكردنت به‌ شاجوان؟
شێنێ‌ عه‌زیز: من سوپاسیان ده‌كه‌م، هه‌ر شتێكیان وتبێت رای‌ خۆیانه‌، من به‌ ره‌خنه‌كانیان گه‌وره‌ ده‌بم، ئه‌گه‌ر ره‌خنه‌م لێنه‌گرن دیاره‌ هیچم نه‌كردووه‌، با خه‌ڵكی‌ وڵاته‌كه‌م قسه‌شم پێ بڵێن، كێشه‌ نییه‌.
من رێزم هه‌یه‌ بۆ خه‌ڵكی‌ شاری‌ سلێمانی‌، ره‌خنه‌كه‌ له‌وێوه‌وه‌ زیاتر هات، ئه‌ویش به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌سێك به‌ناوی‌ منه‌وه‌ وتارێكی‌ نووسی‌ بوو كه‌ من قسه‌م به‌ خه‌ڵكی‌ ئه‌و شاره‌ وتبێت، كوڕێك به‌ناوی‌ منه‌وه‌ ئه‌وه‌ی‌ نووسی‌ بوو، من خه‌ڵكی‌ ئه‌و شاره‌م خۆشده‌وێ‌و شایه‌نی‌ خۆشه‌ویستیشن.

خه‌ندان: دوا په‌یامت چیه‌ بۆ خوێنه‌رانی‌ خه‌ندان؟
شێنێ‌ عه‌زیز: من سوپاسی‌ خه‌ندان ده‌كه‌م، پاڵپشتم بوون، به‌نیازی‌ زۆر كارم پێویسته‌ هاوكارم بن، من بۆ ئه‌و وڵاتـه‌ كارده‌كه‌م، هیوادارم ساڵێكی‌ تر 500 كچ خۆیان كاندید بكه‌ن‌و رێگه‌یان پێبده‌ن.





ئه‌م بابه‌ته 22561 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

هەواڵ

وەرزش

رادیۆ

خزمەتگوزاری

سەبارەت

رێکلام

Copyright 2014. Xendan for Publishing and Broadcasting. All Rights Reserved.