زۆرترین خوێنراو
 
Loading
په‌روه‌رده‌ ئه‌نجامی‌ نمره‌ی‌ خوێندكارانی نۆی بنه‌ڕه‌تی ناداته‌ راگه‌یاندنه‌كان
PM:10:46:07/07/2012
خه‌ندان- هۆگر كه‌مال

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ گشتی‌ په‌روه‌رده‌ی‌ سلێمانی‌ له‌گه‌ڵ‌ ئاسیاسێڵ‌، گرێبه‌ستی ئه‌نجامداوه‌، بۆئه‌وه‌ی‌ له‌ڕێگه‌ی‌ كورته‌نامه‌وه‌ نمره‌ی‌ خوێندكارانی‌ قۆناغی‌ نۆی‌ بنه‌ڕه‌تی‌‌و 12ی‌ ئاماده‌یی‌ بگاته‌ ده‌ست خوێندكاران، به‌هۆی‌ ئه‌وه‌شه‌وه‌ ناتوانن ئه‌و نمرانه‌ بده‌نه‌ راگه‌یاندنه‌كان‌و بڵاوی‌ بكه‌نه‌وه‌.

دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ په‌روه‌رده‌ی‌ هه‌ولێر‌و دهۆك نمره‌ی‌ خوێندكارانی‌ قۆناغی‌ نۆی‌ بنه‌ڕه‌تییان راگه‌یاند: ئێواره‌ی‌ ئه‌مڕۆش په‌روه‌رده‌ی‌ سلێمانی‌ نمره‌كانی‌ له‌ڕێگه‌ی‌ كورته‌نامه‌‌و دواتر ماڵپه‌ڕی‌ تایبه‌تی‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ گشتی‌ په‌روه‌رده‌ی‌ سلێمانیه‌وه‌ راگه‌یاند.

مامۆستا جه‌بار حه‌مه‌ ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ په‌روه‌رده‌ی‌ سلێمانی‌، به‌خه‌ندانی‌ راگه‌یاند: دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌مانگی‌ 4ی‌ ئه‌مساڵ‌ گروپێكی‌ كۆمپانیای‌ ئاسیاسێڵ‌ هاتن گفتووگۆیان له‌گه‌ڵ‌ كردین، بۆئه‌وه‌ی‌ نمره‌ی‌ خوێندكارانی‌ قۆناغی‌ 12ی‌ ئاماده‌یی‌ له‌ڕێگه‌ی‌ كورته‌نامه‌وه‌ رابگه‌یه‌نرێت، ئێمه‌ش جه‌نابی‌ وه‌زیرمان ئاگاداركرده‌وه‌‌و پاش ره‌زامه‌ندی‌ به‌ڕێزیان، له‌مانگی‌ 5 دا گرێبه‌ستمان له‌گه‌ڵ‌ كردن.

وتیشی‌: "یه‌كێك له‌مه‌رجه‌كانی‌ گرێبه‌سته‌كه‌مان ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ئێمه‌ ئه‌و كاته‌ی‌ نمره‌كانمان وه‌رگرت یه‌كسه‌ر بیده‌ینه‌ ئاسیاسێڵ‌‌و پاشان له‌ماڵپه‌ڕه‌كه‌ی‌ خۆمان دای‌ بنێین‌و بۆشمان نیه‌ بیده‌ینه‌ هیچ راگه‌یاندنێك".

ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد: "ئه‌م گرێبه‌سته‌ ته‌نها بۆ قۆناغی‌ 12 بوو، به‌ڵام ئێمه‌ یه‌كه‌مجار نمره‌ی‌ قۆناغی‌ نۆی‌ بنه‌ڕه‌تیمان دانێ‌، بۆئه‌وه‌ی‌ تاقی‌ بكه‌ینه‌وه‌‌و كارئاسانیش بۆ قۆناغی‌ 12 بكه‌ین".

به‌پێی‌ گرێبه‌سته‌كه‌ له‌سه‌دا 20ی داهاتی‌ ئه‌و كورته‌نامانه‌ بۆ په‌روه‌رده‌ی‌ سلێمانیه‌‌و له‌سه‌دا 20 بۆ كۆمپانیای عیراق كۆم و له‌سه‌دا 60 بۆ ئاسیاسێڵ ده‌بێت.

له‌ئێستادا خوێندكارانی‌ قۆناغی‌ 9 ی‌ بنه‌ڕه‌تی‌ له‌سنوری‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ ده‌بێت، له‌ كورته‌ نامه‌یه‌كدا (كۆدی سه‌ر كارتی به‌شداری تاقیكردنه‌وه‌كان) به‌نامه‌ له‌رێگای هێڵی ئاسیاسێڵه‌وه‌ بنێرن بۆ ژماره‌ (2922)، بۆئه‌وه‌ی‌ كورته‌نامه‌ی‌ نمره‌كانیان پێبگات له‌ڕێگه‌ی‌ ئاسیاسێڵه‌وه‌، كه‌ نرخی هه‌ر كورته‌ نامه‌یه‌ك 1000 دیناره‌.
ئه‌م بابه‌ته 6623 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

هەواڵ

وەرزش

رادیۆ

خزمەتگوزاری

سەبارەت

رێکلام

Copyright 2014. Xendan for Publishing and Broadcasting. All Rights Reserved.