خه‌ندان ـ هه‌ستیار
بڕیاره هه‌فته‌ی داهاتوو ده‌ست به‌دابه‌شكردنی فۆڕمی دامه‌زراندن بكرێت، سكرتێری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش رایده‌گه‌یه‌نێت كهلیژنهیهكیان بۆ ده‌ركردنی رێنماییه‌كان پێكهێناوه.
محه‌مه‌د قه‌ره‌داغی، سكرتێری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به (خه‌ندان)ی راگه‌یاند: ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران لیژنه‌یه‌كی بۆ ئاماده‌كردنی رێنمایی دامه‌زراندن له‌مساڵدا پێكهێناوه‌و ئه‌و لیژنه‌یه به‌پێی خاڵبه‌ندی و كۆمه‌ڵێك پێوه‌ر فۆڕمی دامه‌زراندن ئاماده ده‌كات و له 10ی مانگدا رایگه‌یه‌نن.
له‌كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا، 10ی ئه‌م مانگه دیاریكرا بۆ دابه‌شكردنی فۆڕمی دامه‌زراندنی ئه‌و 17 هه‌زار پله وه‌زیفیه‌ی كه بڕیاره له‌م ساڵدا له‌هه‌رێمی كوردستان دابمه‌زرێن.
محه‌مه‌د قه‌ره‌داغی روونیكرده‌وه كه رێنماییه‌كان له‌قۆناغی كۆتاییدان و له‌واده‌ی دیاریكراودا ته‌واو ده‌بێت و فۆڕمه‌كان بڵاو ده‌كرێنه‌وه.