بۆ كوشتنی منداڵه‌كانی، داوای مۆڵه‌ت له‌ سه‌رۆك ده‌كات

خه‌ندان ـ

پیاوێكی هندستانی ده‌یه‌وێت هه‌ر شه‌ش منداڵه‌كه‌ی بكوژێت، بۆ ئه‌و كاره‌ش داوای مۆڵه‌ت له‌ سه‌رۆكی وڵاته‌كه‌ی ده‌كات.

رۆژنامه‌ی ده‌یلی مه‌یڵ-ی چاپی به‌ریتانیا بڵاویكرده‌وه‌، منداڵه‌كانی ئه‌و پیاوه‌ هندستانییه‌ كه‌ ته‌مه‌نیان له‌نێوان 8 بۆ 18 ساڵیدایه‌، دووچاری نه‌خۆشییه‌كی نامۆ بوون له‌ كۆئه‌ندامی ده‌مار كه‌ شاره‌زایان ناویان ناوه‌ نه‌خۆشیی Canavan و به‌ده‌ست ئازارێكی زۆره‌وه‌ ده‌ناڵێنن.

به‌گوێره‌ی هه‌واڵه‌كه‌، نه‌خۆشییه‌كه‌ ئه‌وه‌نده‌ كاریگه‌ره‌ كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ منداڵه‌كان هه‌ردوو هه‌ستی بینین و بیستنیان له‌ده‌ستداوه‌ و ئیفیلجیش بوون، هه‌ربۆیه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌و مه‌ینه‌تییه‌یان، باوكیان نامه‌یه‌كی بۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی هندستان ناردووه‌ و داوای لێكردووه‌ كه‌ مۆڵه‌تی بدات منداڵه‌كانی بكوژێت، چونكه‌ ئه‌وه‌نده‌ پاره‌ی نییه‌ چاره‌سه‌ریان بكات.

له‌نامه‌كه‌یدا، ئه‌و باوكه‌ ده‌ڵێت: " ئیتر ماندوو بووم ئه‌وه‌نده‌ بایه‌خ به‌ منداڵه‌كانم بده‌م، داهاتی مانگانه‌م به‌شی ئه‌وه‌ ناكات چیتر هاوكارییان بكه‌ن، له‌ دوو ساڵی داهاتووشدا ئه‌وان ناتوانن به‌پێی خۆیان بڕۆن و ژیانیان له‌ ئازادا به‌سه‌ر ده‌به‌ن."

له‌دوای ناردنی نامه‌كه‌ش، سه‌رۆك وه‌زیرانی هندستان تیمێكی پزیشكیی بۆ ره‌وانه‌ كردووه‌ تا چاودێریی منداڵه‌كانی بكات و هاوكاریی مادیی و دابینكردنی خۆراكیشی كردوون، بۆیه‌ له‌ هه‌واڵه‌كه‌دا باس له‌وه‌ نه‌كراوه‌ ئایا ئه‌و باوكه‌ هێشتا هه‌ر له‌سه‌ر بیرۆكه‌ی كوشتنی منداڵه‌كانییه‌تی یان نا.

ر.ع


ئه‌م بابه‌ته 8241 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

‌‌‌

Copyright © 2015 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM