ئه‌مه‌ریكا ویستویه‌تی له‌ڕێگه‌ی ده‌رمانه‌وه‌ شوێنی بن لادن ئاشكرابكات

خه‌ندان -
ماڵپه‌ڕی هه‌واڵیی ئه‌مه‌ریكی The Interest دوێنێ پێنجشه‌ممه‌ بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ ئاژانسی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مه‌ریكی (NSA) پلانی دانابوو له‌ڕێگه‌ی چاندنی ئامێری ئه‌لیكترۆنی چاودێریكردن له‌و ده‌رمان یان كه‌ره‌سته‌ پزیشكییانه‌ی سه‌رۆكی پێشووی رێكخراوی تیرۆرستیی قاعیده‌ پێویستیان پێیه‌تی، شوێنی ئوسامه‌ بن لادن ئاشكرابكات.

ماڵپه‌ڕه‌كه‌ به‌گواستنه‌وه‌ له‌یاداشتێكی ئاژانسه‌كه‌وه‌ كه‌ مێژوی حوزه‌یرانی 2010ی پێوه‌یه‌، بڵایكرده‌وه‌ته‌وه‌: "ده‌كرێ له‌ڕێگه‌ی چاودێریكردنی ده‌رمان و كه‌ره‌سته‌ی پزیشكییه‌وه‌، ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌ ببه‌زێنین" كه‌ چوارده‌وری خودی بن لادنیان داوه‌.

ئه‌م یاداشته‌ یه‌كێكه‌ له‌و سه‌دان هه‌زار به‌ڵگه‌نامه‌ نهێنییانه‌ی ئیدوارد سنۆده‌ن كارمه‌ندی پێشوی ئاژانسی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی له‌ حوه‌زیرانی 2013ی دزه‌ی پێكردون.

هه‌ر به‌گوێره‌ی ئه‌و یاداشتنامه‌یه‌، ئاژانسی هه‌وڵگریی ناوه‌ندیی ئه‌مه‌ریكا (CIA) پێیوابووه‌ بن لادن توشی چه‌ندین نه‌خۆشی بووه‌. لێره‌وه‌ ئاژانسی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی بیری له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌ هه‌ندێك له‌و ده‌رمان و كه‌ره‌سته‌ پزیشكییانه‌ی بن لادن پێویستی پێیانه‌ بكاته‌ ئامانج بۆ ئاشكراكردنی پێگه‌كه‌ی.

هه‌روه‌ك بیری له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌ بۆ هه‌مان مه‌به‌ست هه‌ندێك له‌و رێڕه‌وه‌ پزیشكییانه‌ به‌كاربهێنێتت كه‌ ده‌كرێ سه‌ركرده‌ی قاعیده‌ رویان تێبكات، یه‌كێك له‌و رێڕه‌وانه‌ش نه‌خۆشخانه‌كانی لیژنه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی خاچی سور بون.

به‌ڵام هاوكات زی ئینتره‌ست ده‌شڵێت، ئه‌وه‌ رون نیه‌ كه‌ ئاخۆ ئاژانسی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌م پلانه‌ی خستووه‌ته‌ قۆناغی جێبه‌جێكردنه‌وه‌ یان ته‌نها له‌چوارچێوه‌ی تیۆریدا ماوه‌ته‌وه‌.

له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ وته‌بێژێك به‌ناوی لیژنه‌ی نێوده‌وڵه‌تی خاچی سوره‌وه‌ لێدوانی له‌سه‌ر ئه‌م زانیارییانه‌ ره‌تكرده‌وه‌ به‌ڵام هاوكات جه‌ختیشی له‌سه‌ر "ره‌تكردنه‌وه‌ی ته‌واوه‌تی به‌كارهێنانی یارمه‌تی مرۆیی بۆ هه‌ر مه‌به‌ستێكی تر" كرده‌وه‌.

ئاژانسی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییش له‌میانه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی فرانس پرێس ئاماده‌ نه‌بوو هیچ لێدوانێك له‌و باره‌یه‌وه‌ بدات.

هه‌ر به‌گوێره‌ی ئه‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ جێبه‌جێكردنی پلانه‌كه‌ پێویستی به‌ به‌شداری ئێن ئێس ئه‌ی و سی ئای ئه‌ی و ئاژانسی هه‌واڵگریی به‌ریتانیاو چه‌ند تاقیگه‌یه‌كی حكومیی ئه‌مه‌ریكی هه‌بووه‌.

له‌ساڵی 2011 سی ئای ئه‌ی هه‌ڵمه‌تێكی كوتانی ساخته‌ی دژی ڤایرۆسی هه‌وكردنی په‌تایی جگه‌ر له‌شاری ئه‌بوت ئاباد كه‌ بن لادن و ژن و منداڵه‌كانی خۆیان تێدا حه‌شاردابوو، ئه‌نجامدا. ئامانج له‌م هه‌ڵمه‌ته‌ دڵنیابون بوو له‌وه‌ی كه‌ سه‌رۆكی پێشوی قاعیده‌ له‌باكوری خۆرئاوای پاكستاندایه‌.

بن لادن له‌ 2-5-2011 له‌میانه‌ی هێرشێكدا كه‌ یه‌كه‌یه‌كی كۆماندۆزی ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ر حه‌شارگه‌كه‌ی له‌ ئه‌بوت ئاباد ئه‌نجامیدا، كوژرا.

له‌عه‌ره‌بییه‌وه‌: والی عه‌لی
سه‌رچاوه‌: alarabiya.net


ئه‌م بابه‌ته 4368 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

‌‌‌

Copyright © 2015 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM