ئۆباما: حكومه‌تی‌ پێشووی‌ عیراق، شكستخواردوو بوو

خه‌ندان_

رۆژنامه‌ی‌ شه‌رقولئه‌وسه‌ت دیدارێك له‌ گه‌ڵ سه‌رۆكی‌ ئه‌مریكا ده‌كات و له‌ وه‌ڵامی‌ پرسیارێكدا سه‌باره‌ت به‌ عیراق، ده‌پرسێت: "تۆ به‌و به‌ڵێنه‌ی‌ هێزه‌كان له‌ عیراق بكشێنیته‌وه‌ گه‌شتیته‌ كۆشكی‌ سپی، به‌ڵێنه‌كه‌شت پاراست، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دۆخی‌ عیراق له‌مڕۆدا له‌گه‌ڵ بوونی‌ "داعش" و میلیشیا‌كان زۆر خراپتره‌ له‌و كاته‌ی‌ تۆ گه‌شتیت به‌ كۆشكی‌ سپی، چی پێویسته‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ سه‌قامگیری‌ بۆ عیراق و چه‌ند ره‌خنه‌ت لێده‌گیرێت له‌سه‌ر ئه‌و دۆخه‌ی‌ عیراق كه‌ دوای‌ 12 له‌ جه‌نگ پێیگه‌یشتووه‌؟

له‌ وه‌ڵامدا، باراك ئۆباما، سه‌رۆكی‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی‌ ئه‌مریكا، ده‌ڵێت: "هۆكاره‌كانی‌ ره‌تكردنه‌وه‌ی‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر عیراق له‌ ساڵی‌ 2003، هه‌ستكردنم بوو به‌وه‌ی‌ سزا درێژخایه‌نه‌كه‌ی‌ ئه‌و هێرشه‌مان نه‌خه‌مڵاندبوو، ئه‌و ساڵانی‌ ناسه‌قامگیرییه‌ی‌ دوای‌ هێرشه‌كه‌ی‌ ئه‌مریكا هاوكاربوو بۆ ده‌ركه‌وتنی‌ قاعیده‌ له‌ عیراق كه‌ دواتر بوو به‌ "داعش".

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو، كه‌ له‌و ساڵانه‌دا ئه‌مریكا سه‌دان ملیار دۆلاری‌ خه‌رجكرد، به‌ هه‌زاران سه‌ربازیش قوربانیدا بۆ هاوكاریكردنی‌ عیراقییه‌كان له‌ دامه‌زراندنی‌ حكومه‌تی‌ نوێ و هێزی‌ ئه‌منی‌، به‌ڵام كاره‌سات ئه‌وه‌یه‌ حكومه‌تی‌ پێشووی‌ عیراق شكستیخوارد له‌وه‌ی‌ به‌ هه‌ڵسوكه‌وتێكی‌ فره‌یی حوكم بكات به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ بوو به‌ هۆی‌ دۆخێك وابكات به‌شێك له‌ عیراقییه‌كان هه‌ست بكه‌ن دوور خراونه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها هێزه‌ عیراقییه‌كان نه‌یانده‌توانی‌ یان نه‌یانده‌ویست به‌رگری‌ له‌ عیراق بكه‌ن دژ به‌ "داعش" ، بۆیه‌ ئه‌وه‌ ته‌نیا كێشه‌یه‌كی سه‌ربازی‌ نییه‌، به‌ڵكو كێشه‌یه‌كی سیاسیشه‌".

ئۆباما، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات كه‌ ده‌بێت له‌ 10 ساڵی‌ رابردوو وانه‌ وه‌رگرن، وتیشی: "ئه‌و وانانه‌ ده‌مگه‌یه‌نێته‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ی‌ كه‌ چاره‌سه‌ری‌ سه‌ربازی‌ ناكرێت فه‌رز بكرێته‌ سه‌ر عیراق، بۆیه‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه‌كانماندا له‌ هاوپه‌یمانێتی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ هه‌وڵده‌ده‌ین بۆ بۆچوونێكی‌ گشتگیر له‌گه‌ڵ گه‌لی‌ عیراق".

سه‌رۆكی‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی‌ ئه‌مریكا، ده‌شڵێت: هه‌ڵمه‌ته‌ سه‌ربازییه‌كه‌مان له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه‌ عه‌ره‌به‌كانمان، وایكرد "داعش" له‌ پێشڕه‌وییكردن رابگرین و له‌هه‌ندێك شوێنیش ناچاربوون بكشێنه‌وه‌، هێزه‌ عیراقییه‌كانیش توانییان له‌ تكریت بیانشكێنن، هه‌روه‌ها چاره‌كی‌ ئه‌و رووبه‌ره‌ی‌ داگیریانكردبوو، له‌ده‌ستیاندا، ئێمه‌ هاوكار ده‌بین بۆ مه‌شقپێكردن و به‌هێزكردنی‌ هێزه‌ عیراقییه‌ ناوخۆییه‌كان، هاوكاریی مرۆییش بۆ عیراقییه‌كان دابین ده‌كه‌ین، هه‌روه‌ك چۆن چه‌ندینجار وتوومه‌، هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ بۆ له‌ناوبردنی‌ داعش كاتی‌ ده‌وێت، به‌ڵام زۆر متمانه‌م هه‌یه‌ كه‌ سه‌رده‌كه‌وی".  

سه‌رۆكی‌ ئه‌مریكا، له‌ كۆتایی وه‌ڵامه‌كه‌یدا، وتی‌: "له‌ كۆتاییدا عیراق سه‌رده‌كه‌وێت ته‌نیا ئه‌گه‌ر سه‌ركرده‌كانی‌ به‌شێوه‌یه‌كی گشتگیر و فره‌یی حوكمی بكه‌ن، به‌شێوه‌یه‌ك عیراقییه‌كان له‌ هه‌موو پێكهاته‌كان وای‌ ببینن له‌ عیراقدا دواڕۆژیان ده‌بێت، له‌گه‌ڵ حه‌یده‌ر عه‌بادی‌، سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عیراق هاندرام بۆ به‌هێزكردنی‌ هێزه‌ ناوخۆییه‌كان له‌ڕێگه‌ی‌ تێكه‌ڵكردنی عه‌شایه‌ره‌ سوننه‌كان و كاركردن بۆ په‌ره‌پێدانی‌ "پاسه‌وانی‌ نیشتمان".

له‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌: سۆران كه‌ریم

خ.غ


ئه‌م بابه‌ته 6327 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

‌عیراق‌‌‌

Copyright © 2015 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM