خه‌ندان – به ئاماده‌بوونی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و نوێنه‌رانی سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و ژماره‌یه‌كی زۆر په‌رله‌مانتارانی كوردستان و عیراق و ژماره‌یه‌ك دیپلۆماكاری بیانی و نوێنه‌رانی حزب و لایه‌نه سیاسییه‌كان و كه‌سوكاری قوربانییان یادی رێوره‌سمی یادی 27 ساڵه‌ی جینۆسایدكردنی بارزانییه‌كان ده‌ستی پێكرد.
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ شه‌ممه له ناوچه‌ی بارزان به ئاماده‌بوونی د.به‌رهه‌م سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و نوێنه‌رانی مام جه‌لال سه‌رۆك كۆمار و مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و ژماره‌یه‌كی زۆر په‌رله‌مانتارانی كوردستان و عیراق و نوێنه‌رانی حزب و لایه‌نه سیاسییه‌كان و كه‌سوكاری قوربانییان یادی رێوره‌سمی یادی 27 ساڵه‌ی جینۆسایدكردنی بارزانییه‌كان ده‌ستی پێكرد.
سه‌ره‌تای رێوڕه‌سمه‌كه به خوێندنه‌وه‌ی چه‌ند ئایه‌تێك له قورئانی پیرۆز ده‌ستی پێكرد پاشان نه‌وزاد هادی پارێزگاری هه‌ولێر له وته‌یه‌كدا به‌خێرهاتنی ئاماده‌بوونی كرد.
له وته‌كه‌یدا نه‌وزاد هادی ئاماژه‌ی به‌و هێرشه نامرۆڤانه‌یه كرد كه له كۆمه‌ڵگه‌كانی به‌حركه و چه‌ند كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی تری زۆره‌ملێ ده‌سه‌ڵاتدارانی رژێمی به‌عس هه‌ڵیانكوتایه سه‌ر ئه‌و بارزانییانه‌ی به‌زۆر له‌زێدی خۆیان ده‌رپه‌ڕێنرابوون و دوور له‌هه‌موو یاسا و رێسایه‌كی مرۆڤانه ئه‌نفالی كردن.
پارێزگاری هه‌ولێر وتی: "له كۆماری مه‌هاباده‌وه بارزانی نه‌مر و بارزانییه‌كان لێیان مه‌علوم بوو كه قوربانیدانێكی زۆر چاوه‌ڕێیانه".
وتیشی: "قه‌رزاری ئه‌و ژنه عه‌با ره‌شانه‌ین كه توانییان به‌رگه‌ی هه‌موو ئه‌و نه‌هامه‌تییانه بگرن" و ئاشكرایكرد، دوای ئه‌و هه‌موو نه‌هامه‌تییه حوكمڕانی ئازاد و ئاوه‌دانی و پرۆسه‌ی ئاوه‌دانی به‌رده‌وامه و ئه‌و میلله‌ته شایسته‌ی له‌وه زیاتره.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه "به‌ئه‌ركی خۆمان و شه‌ره‌فی به‌رزی خۆمانی ده‌زانیین خزمه‌تی ئه‌و خه‌ڵكه بكه‌ین".
روونیشیكرده‌وه كه "له‌م یاده‌دا سه‌ری رێز و نه‌واز بۆ قوربانییانی بارزان و هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفالی گه‌رمیان داده‌نه‌وێنین".
دواتر د.به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وتارێكی پێشكه‌ش كرد و رایگه‌یاند: ناوچه‌ی بارزان نیشانه‌ی رووبه‌ڕووبوونه‌وه و مه‌ڵبه‌ندی شۆڕش بووه و جه‌ختی له‌وه‌شكرده‌وه كه هه‌ر كاتێك ریزه‌كانی كورد لێكترازاو بووبێت، دوژمنان زه‌فه‌ریان پێ بردوین، هه‌ر كاتیش یه‌ك بووبین ده‌ستكه‌وتی زۆرمان به‌ده‌ستهێناوه، یه‌ك هه‌ڵویستیمان گه‌یاندوینێتییه ئه‌م ئازادییه و حكومه‌ت و په‌رله‌مانمان هه‌بێت.
سه‌رۆكی حكومه‌ت وتی: "تاوانی بێسه‌روشوێنكردنی 8 هه‌زار بارزانی و هاوكات بێسه‌روشوێنكردنی هه‌زاران كوردی فه‌یلی و دواتر به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیایی له هه‌ڵه‌بجه و سێوسێنان و گۆپته‌په و بالیسان و ده‌یان گوند و ناوچه‌ی تری كوردستان و ئه‌نفالكردنی 182 هه‌زار كه‌سی بێ‌تاوان له گه‌رمیانه‌وه تا بادینان، به‌رنامه و كاری به‌عس بوون بۆ جینۆسایدكردنی خه‌ڵكی كوردستان".
وتیشی: " كۆی ئه‌م تاوانه دژ به مرۆڤایه‌تیانه كه له قۆناغی جیاجیادا به‌رانبه‌ر به خه‌ڵكی كوردستان و به تایبه‌ت له‌م ناوچه‌یه ئه‌نجامدراون، به پێش چاوی دونیا و ناوه‌نده‌كانی بڕیاری نێوده‌وڵه‌تی و جیهانی ئیسلامه‌وه ڕوویانداوه. هه‌ڵوێستی مرۆڤدۆستانه‌ی ئه‌و كه‌سایه‌تی و گه‌ل و ده‌وڵه‌تانه هیچ كات له‌بیر ناچنه‌وه كه دژی ئه‌م تاوانكارییانه، پشتیوانیان له گه‌لی كورد كرد و هه‌وڵیاندا بێده‌نگی جیهان به‌رانبه‌ر به قڕكردنی نه‌ته‌وه‌یه‌ك بشكێنن.! له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ڕه‌خنه و گلله‌ییه‌كانمان هه‌میشه به‌رده‌وام ده‌بێت له وڵاتانی عه‌ره‌بی و دونیای ئیسلام و ده‌وڵه‌تان كه چاو و گوێچكه‌ی خۆیان داخستبوو له ئاستی ئه‌م تاوانانه و هاوار و نزای میلله‌تێكی چه‌وساوه".
روونیشیكرده‌وه " هه‌میشه دوژمنانی كورد ویستویانه ئه‌م ناوچه‌یه له‌سه‌ر نه‌خشه بسڕنه‌وه. له ڕووداوه‌كانی پێش جه‌نگی یه‌كه‌می جیهان و دواتریش زلهێزه‌كان و وڵاتانی ناوچه‌كه ویستویانه به سوتماككردنی كوردستان له بارزانه‌وه ده‌ست پێبكه‌ن، چونكه بارزان ڕه‌مزی مقاومه‌ت و پێناسه‌ی شۆڕش و خۆبه‌ختكردنه له‌پێناوی ئازادی كوردستاندا".
روونیشیكرده‌وه، "مێژووی دورودرێژی خه‌باتی گه‌له‌كه‌مان ئه‌و ڕاستییه‌ی بۆ سه‌لماندووین، هه‌ركات یه‌كێتیی ڕیزه‌كانی كورد، بزووتنه‌وه ڕزگاریخوازانه‌كه‌مان، لێكترازاو و پارچه‌پارچه بووبێت، دوژمنانمان زۆرتر زه‌فه‌ریان پێبردووین و گورزی كه‌مه‌رشكێنیان لێداوین. له به‌رانبه‌ردا هه‌ركات ده‌ستمان خستبێته ناو ده‌ستی یه‌ك و هاوكار و هه‌ماهه‌نگ كاری یه‌ك بووبین، له سه‌ركه‌وتن نزیكتر بووینه‌ته‌وه و ده‌ستكه‌وتی گرنگترمان بۆ میلله‌ته‌كه‌مان به‌دیهێناوه".
دواتر وتاری بنه‌ماڵه‌ی كه‌سوكاری شه‌هیدان خوێندرایه‌وه و تیایدا چه‌ند داواكارییه‌ك خرانه‌ڕوو و وه‌ك دامه‌زراندنی قه‌واره‌یه‌ك بۆ كورد دوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له عیراق به‌جۆرێك كه گه‌ره‌نتی دووباره‌نه‌بوونه‌وه‌ی ئه‌و جۆره تراژیدیایانه بكات، دا‌واشیان كرد ماده‌ی 140ی ده‌ستووری عیراق جێبه‌جێ بكرێت و چه‌ند داواكارییه‌كی خزمه‌تگوزاریشیان خسته‌ڕوو بۆ كه‌سوكاری قوربانییانی جینۆساید و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی روفاتی شه‌هید و ئه‌نفالكراوان و حكومه‌تی عیراقیش به ره‌سمی داواوی لێبووردن له گه‌لی كورد و خانه‌واده‌ی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان بكات.
دواتر چه‌ند چالاكییه‌كی شیعر و په‌خشان خوێندنه‌وه ئه‌نجامدرا و له كۆتایی مه‌راسیمه‌كه‌شدا تاجه‌گوڵینه‌ی رێز و وه‌فا له‌لایه‌ن سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و نوێنه‌رانی سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆكی هه‌رێم و و لایه‌نه سیاسییه‌كان و كه‌سایه‌تی و رێكخراو كۆمه‌ڵه و ناوه‌نده‌كان له‌سه‌ر مه‌زاری شه‌هیدان دانرا.